هێڵی ئاسمانیی عێراقی وادەڵێت:

مانگی داهاتوو گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئێران دەستپێدەکەنەوە

کاکەلاو عەبدوڵا

هێڵی ئاسمانی عێراقی دەڵێت، ئامادەکاری دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان لەنێوان عێراق و ئێران و یەکەم گەشتیش، سەرەتای مانگی داهاتوو دەبێت.

ئەم هەنگاوەی هێڵی ئاسمانی عێراق دوای ئەوە دێت کە ئیدارەی ترەمپ رەزامەندی داوە بە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ئێران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەفەوە.

چەند رۆژیکە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات راگیراون، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریکا کۆمەڵێک سزای بەسەر کەرتی فڕۆکەوانی ئێراندا سەپاند.

جگە لە عێراق هەریەک لە تورکیا و ئیمارات و چەند وڵاتێکی دیکەش بۆ خۆبەدوورگرتن لە سزاکانی ئەمریکا گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران راگرت.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرایکردووە، ئەو لێخۆشبوونە سنووردارەی واشنتن بۆ بەغدا لەسەر دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ تاران، تەنیا بۆ مانگێکە، بەڵام رەنگە ماوەکە درێژبکرێتەوە و بکرێتە هەمیشەیی.

راگرتنی سەرجەم گەشتەکان نارەزایەتییەکی گەورەی لە شەقامی عێراقدا دروستکرد، بەتایبەتی لە شاری نەجەف کە ناوەندێکی سەرەکییە بۆ زیارەتکارانی شیعە لە ئێران و ساڵانە ملیۆنان شیعە سەردانی شارەکە دەکەن.