کاریگەری ئاڵۆزییەکەی سلێمانی لە ئاسمانی شار - وێنە: 964
لە شەڕەکەی لالەزار
زانیاریی سەرەتایی؛ 10 کەس گیانیان لەدەستداوە
964+
ژووری هەواڵ
زانیاری سەرەتایی هەیە، کە لە شەڕەکەی لالەزاردا 10 کەس گیانیان لەدەستداوە، وە بەپێی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوە پزیشکیییەکان دەست 964 کەوتووە، هێزە ئەمنییەکان 3 کەس و لە ناو لالەزار 7 کەس گیانیان لەدەستداوە.
هێشتا ئەم زانیارییانە سەرەتایین و بە فەرمی رانەگەیەنراون.
لە دوێنێوە شاری سلێمانی بە دۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕێت، لە دەورووبەری کاتژمێر 6ی ئێوارە بازگەکانی دەرەوەی سلێمانی قەرەباڵغییەکی نائاساییان بەخۆوە بینی، هەتا چوار کاتژمێر دوای ئەوەش قەرەباڵغییەکە نەڕەوییەوە.
لەوە بەدواوە جموجۆڵێکی نائاسایی لە ناو شار بەدی دەکرا، لە چەند شوێنێک بە چڕی هێزە ئەمنییەکان دەردەکەوتن، بەڵام هیچ زانیارییەکی دڵنیاکەرەوە نەبوو ئەم بارە نائاساییە هۆکارەکەی چییە، لە نزیک کاتژمێر 10ی شەو روون بووەوە کە ئەم جموجۆڵە بۆ دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەلە.
هەر دوای ئەوە هێزێکی ئەمنی زۆر لە دەوروبەر هۆتێل لالەزار کۆبوونەوە، لالەزار شوێنی مانەوەی لاهور شێخ جەنگی و کۆبوونەوەی هاوەڵەکانیەتی، پێش کاتژمێر 11 پەیامنێری 964 لە نزیک لالەزار وتی: ژمارەی هێزەکان زۆربوون و پەیام دراوە بە لاهور شێخ جەنگی و کەسە نزیکەکانی کە خۆیان بدەن بەدەستەوە.
لە کاتژمێر 12ی شەو دادوەر سەڵاح حەسەن وتەبێژی دادگای سلێمانی لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە فەرمی بە 964ی راگەیاند: بە فەرمانی دادوەر، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لاهور شێخ جەنگی و چەند کەسێکی تر دەرچووە بەپێی مادەی 56 بە تۆمەتی ئاژاوە نانەوە.