ژینگەی باڵەکایەتی هەناسەیەکی پاک هەڵدەمژێ
ئەمجارەش 964 ئیشی خۆی کرد؛ زبڵخانەی قوبەی گەڵاڵە داخرا
964+
ئاکام غەفور – سۆران
ئەمجارەش 964 ئیشی خۆی کرد و دوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک لەسەر زبڵخانەی چۆمان و کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگەی ناوچەکە، کاربەدەستانی قەزاکە هاتنەسەر خەت و بڕیاریاندا زبڵخانەکە دابخەن و زبڵەکانیش بگوازنەوە، بەوەش ئاهێک بەبەری ژینگەی باڵەکایەتیدا دێتەوە و هەناسەیەکی پاک هەڵدەمژێ.
ئەحمەد بارزان عەلیکۆ، قایمقامی قەزای چۆمان بە 964ـی وت، “لە رۆژی سێشەممەوە 19.8.2025 هەڵمەتێکی خاوێنکردنەوەی قوبەی گەڵاڵە ئەنجام دەدەین و هەموو ئەو زبڵ و خاشاکەی لەوێ فڕێدراوە، کۆدەکرێتەوە و دەگوازرێتەوە بۆ زبڵخانەکەی سۆران”.
وتیشی، بڕیاریانداوە زبڵخانەی قوبەی گەڵاڵە دابخەن و چیدی رێگە نادەن و خۆڵ و خاشاک و پاشماوە لەو شوێنە فڕێ بدرێت.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تەواوی زبڵ و خاشاکی چۆمان لە قوبەی گەڵاڵە فڕێ دەدرا، ئەوەش ژینگەی ناوچەکەی شێواندبوو، لەگەڵ هاتنی شنەبایەک، زبڵ و خاشاک بەسەر رێگای هامڵتۆن و رووباری باڵەکایەتی بڵاو دەبووەوە و هەرچی دار و درەختی ئەو ناوچەیش، بە عەلاگە و نایلۆن رەشپۆش دەبوو.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری