هۆڵك هۆگن
یارییەكانیت بینیوە؟
هۆڵك هۆگن ئەفسانەی یاریی زۆرانبازیی ئازاد گیانی لەدەست دا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەستێرەی بەناوبانگی زۆرانبازی هۆڵک هۆگن کە ناوی راستەقینەی تێری جین بۆلیایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە تەمەنی 71 ساڵیدا لە ماڵەکەی خۆی لە شاری کلیرواتەر لە ویلایەتی فلۆریدا تووشی جەڵتەی دڵ بوو.
میدیاكانی ئەمریكا و رێکخراوی جیهانی زۆرانبازی ئینتەرتەیمەنت (WWE) هەواڵەكەیان بڵاوكردەوە.
هەروەها WWE بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و تیایدا ماتەمینی بۆ گیانلەدەستدانی یەکێک لە ئەستێرە دیارەکانی خۆی لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکاندا راگەیاند، کە رۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبوو لە گۆڕینی زۆرانبازی بۆ دیاردەیەکی جیهانی.
هەروەها بەڕێوەبەری تایبەتی هۆگن ماتەمینی بۆ هەواڵی مردنەکەی دەربڕی و پشتڕاستی کردەوە کە لە ناو خێزانەکەیدا کۆچی دوایی کردووە.
هۆگن کە لە ساڵی 1977 دەستی بە زۆرانبازی لە ئاستێكی پیشەگەریدا کردووە، بە کارەکتەری “هۆلکامانیا” ناسرا بوو، بە ئایکۆنێکی زۆرانبازی دادەنرا.
هۆگن 12 جار پاڵەوانیەتیی جیهانی بەدەستهێناوە و لە یەکەمین سەرسوڕهێنەرەكانی WrestleMania بەشداریی کردووە، لەناویاندا بەرزکردنەوەی ئەفسانەیی ئەندرێی زەبەلاح لە ساڵی 1987.
هەروەها کاری سەرکەوتووی لە فیلم و تەلەفزیۆنەکاندا هەبووە، لە فیلمەکانی وەک “رۆکی 3″ و زنجیرەی واقیعی ” Hogan Knows Best” بەشداریی کردووە.
هۆگان لەم دواییانەدا نەشتەرگەری مل و دڵی بۆ ئەنجامدرابوو، چەند هەفتەیەک لەمەوبەریش نیگەرانی لەسەر تەندروستی دروستکردبوو، ، بەڵام پێشتر هەوادارانی دڵنیاکردبووەوە کە بەرەو باشتر دەڕوات.