خورماتوو و پارێزگای سەڵاحەدین

ئەو شوێنانەی مەرجی سەلامەتیان تێدانییە دادەخرێن

+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو

بە بڕیاری پارێزگای سەڵاحەدین، لە هەڵمەتێکی هێزەئەمنیەکاندا ژمارەیەک لە هۆڵی بۆنە و یادەکان و هوتێل و هۆڵەکانی لەشجوانی لە سەرجەم قەزاکانی پارێزگاکە بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی تێیاندا داخران، هەڵمەتەکەش بەردەوامە.

یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە964ـی وت، لەدوێنێوە لەلایەن ئاسایشی نیشتمانی و تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرجەم قەزاکانەوە، هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنین بۆ سەر سەرجەم هۆڵی بۆنە و یادەکان و هوتێل و هۆڵەکانی لەشجوانی و چێشتخانەکان دەستپێکردووە، رێنمایی و هۆشداریان پێدەدرێت، کە چیتر نابێت بەو شێوازەی پێشتر کاری تێدا بکەن، ئەمەش بۆ خۆدوورگرتن لە دووبارە بوونەوەی رووداوی ئاگرکەوتنەوە.

وتیشی، ئەو شوێنانەی کە پێشتر رێنمایی و هۆشداریان پێدراوە و جێبەجێیان نەکردووە، دەستبەجێ شوێنەکانیان پێ دادەخرێت، لە دوێنێوە تا ئێستا زیاتر لە 15 شوێنی جیاوازیان لەهەریەک لە قەزاکانی “بێجی، بەلەد و تکریت” داخستووە، چونکە هیج مەرجێکی سەلامەتیان تێدانەبووە.

دەشڵێت، شوێنی وا هەیە زۆرترین خەڵک سەردانی دەکات، کەچی تائێستا یەک دەرگای هاتنەژوور و دەرچوونی هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا کەمترین ئامێری فریاگوزاری و ئاگرکوژێنەوەیان تێدایە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم رێکارانە دوای رووداوەکەی شەوی پێنجشەممەی شاری کوت دێت، کە لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەیەکدا لەناو ھایپەرمارکێتێکدا، 61 كەس گیانیان لەدەست دا.

هاوكات وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەڵمەتێكی لە ژمارەیەك لە شارەكانی عێراق هەر بۆ ئەم مەبەستە دەستپێكردووە و تا ئێستا 610 شوێنیان داخستووە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا