كوژراوو بریندار هەیە
ئیسرائیل بۆردومانی وەزارەتی بەرگری سوریای كرد
964+
محەمەد فاتیح
هێرشە بە ئازارەكانی سەر سوریا دەستیانپێكرد و ئیسرائیل بۆردومانی وەزارەتی بەرگری سوریای كرد و كوژراوو بریندار هەیە و هۆشداری لە بەردەوامبوونی هێرشەكانيش دەدرێت.
فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل، سێ هێرشیان لەسەر یەك كردە سەر بارەگای وەزارەتی بەرگری سوریا و زیانێكی زۆریان پێ گەیاندووە.
ئاژانسی رۆیتەرز باس لەوە دەكات، هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر وەزارەتی بەرگری سوریا، كوژراوو برینداری لێ كەوتووەتەوە و هێرشێكی ئاسمانیشیان لە نزیك كۆشكی سەرۆكایەتییەوە بووە لە دیمەشقی پایتەختی سوریا.
وەك كەناڵی 12ـی ئیسرائیلی ئاماژەی پێكردووە، ئامانجی هێرشەكانی سەر دیمەشق كۆشكی كۆماریی و وەزارەتی بەرگری سوریا بوە.
بە وتەی یسرائیل كاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، هێرشە بە ئازارەكان بۆ سەر سوریا دەستیانپێكردووە.
سوپای ئیسرائیل چەند دیمەنێكی لە هێرشەكانی بۆ سەر پایتەختی سوریا بڵاوكردەوە و هۆشداریداوە كە چاودێری دەستدرێژییەكانی سەر هاوڵاتییانی سوریا دەكات لە باشوری وڵات و هێرشەكانیان بەپێی بارودۆخەكە بەردەوام دەبێت.