دادگاى رەسافە لەبەرژەوەندى کۆڕەک بڕیاریدا

964+

وریا فەتاح

دادگای رەسافەى بەغدا، لەپەرژەوەندى کۆڕەک تیلیکۆم بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق دژ بەو کۆمپانیا پەیوەندییە.

کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، دادگای بەرایی رەسافە لە بەرژەوەندیی ئەوان بڕیاری داوە و بەپێی بڕیارەکە، هەڵوەشاندنەوەی تاکلایەنەی گرێبەستەکە لەلایەن دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق عێراقەوە هەڵوەشاوەتەوە و گرێبەستەکەی نێوانیان دووبارە کارا کراوەتەوە.

بەپێى راگەیەندراوەکە، دادگای بەرایی رەسافە بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی دەستەی راگەیاندن و گەیاندن کە لە رێکەوتی (2/6/2026) بە شێوەیەکی تاکلایەنە “گرێبەستی یەکلاکردنەوەی دارایی” نێوانیانی هەڵوەشاندبووەوە. بەم بڕیارەی دادگاش، دەبێت دەستبەجێ کار بەو گرێبەستە داراییە بکرێتەوە کە پێشتر لە (25/9/2023) لە نێوانیاندا واژوو کرابوو.

کۆمپانیای کۆڕەک وێڕای پێشوازیکردن لە سەروەریی یاسا، سوپاسی خۆڕاگریی بەشداربووانی دەکات لە بەرامبەر ئەو “شاڵاوەی” لە ماوەی رابردوودا دەستەی راگەیاندن کردییە سەریان، و دڵنیایی دەدات کە بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە مافەکانیان دەکات.

لە کۆتاییشدا، کۆڕەک تیلیکۆم داوا لە دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق دەکات لاپەڕەیەکی نوێی دوور لە ناکۆکی بکاتەوە و کۆسپ لەبەردەم کارەکانیان دروست نەکات، تاوەکو دوور لە رێوشوێنی ستەمکارانە، پێکەوە خزمەتی بەشداربووان و کەرتی گەیاندن بکەن.