بۆ یەک مانگ

بە ئۆکەى ترەمپ؛ گەشتە ئاسمانییەکانى نێوان ئێران و نەجەف دەستپێدەکاتەوە

وریا فەتاح

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکانی بەغدا و واشنتن ئاشکرایکردووە، ئیدارەی ترەمپ، لێخۆشبوونێکى سنووردارى بۆ ئەو سزایانە کردووە کە بەسەر ئێراندا سەپێندراون، لەو چوارچێوەیەدا بڕیاریداوە بۆ ماوەى یەک مانگ، رێگە بە گەشتە ئاسمانییەکانى نێوان نەجەف و ئێران بدات بە مەبەستى سەردانى ئاینى.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق بڵاوى کردەوە، بەهۆی هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و فشاری شەقامەوە، بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەی نەجەف و فڕۆکەخانەکانی ئێران دەستپێبکەنەوە.

هەر ئەمڕۆ، یاسر عەبدولزوهرە حەجاج، باڵیۆزی عێراق لە تاران بە ئاژانسەکەی راگەیاندبوو کە لەماوەى 24 کاتژمێرى داهاتوودا، گەشتە ئاسمانییەکانى ئێران بۆ فڕۆکەخانەى نەجەف، دەستپێدەکاتەوە.

رۆژی شەممەی رابردوو (٢٦ـی ئەیلول)، حکومەتی عێراق رایگەیاندبوو کە گفتوگۆی راستەوخۆیان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دەستپێکردووە بۆ ئەوەی عێراق بەدەر بکرێت لە بڕیاری قەدەغەکردنی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران. بەغدا پاساوی ئەوەی هێنابووەوە کە پێویستییان بەو گەشتانە هەیە بۆ “مەبەستی مرۆیی” وەک چارەسەری پزیشکی، خوێندن و سەردانی ئاینی.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، راگرتنی ئەو گەشتانە ناڕەزایەتییەکی فراوانی پەرلەمانی و جەماوەریی لێکەوتەوە، بە جۆرێک لە پارێزگاکانی بەسرە و نەجەف خۆپیشاندان کرا. هاوکات لە ناو پەرلەمانیش ژمارەیەک پەرلەمانتار دەستیان بە کۆکردنەوەی واژۆ کرد بۆ بانگهێشتکردنی سەرۆک وەزیران، وەزیری گواستنەوە و سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی بۆ لێپرسینەوە.

رۆژی سێشەممەى رابردوو (22ـی ئەیلول)، فڕۆکەخانەکانی عێراق ئاگادارکرانەوە کە پێشوازی لە فڕۆکەی ئێرانی نەکەن، ئەمەش پاش ئەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، لە رۆژی 23ـی ئەیلولەوە کارکردنی سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران رادەگیرێت.