داوای راگرتنی هێنانی مریشکی بەستوو و کۆنتڕۆڵکردنی نرخی ئالیک دەکەن

  کێڵگە پەلەوەرییەکانی کوردستان  پێویستیان بە پاڵپشتییە

ژێوار خدر

کەرتی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی ئالیک و هاوردەکردنی مریشکی بەستوو، رووبەڕووی کێشە بووەتەوە و سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانیش دەڵێت، “کێڵگەکان بەرەو مایەپووچبوون دەچن و پێویستە حکومەت بەپەلە رێکارەکان بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی توند بکاتەوە.”

نازم عەبدوڵڵا سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 150 هەزار تۆن گۆشتی مریشکە، لە کاتێکدا توانای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی زیاترە لە 400 هەزار تەن،  هاوردەکردنی مریشکی بەستوو بڕبڕەی پشتی ئابووری ناوخۆی شکاندووە، بۆیە داوای قەدەغەکردنی فەرمی هاوردە، راگرتنی بەخشینی مۆڵەتی نوێ، و پابەندکردنی سەرجەم خواردنگە و هۆتێلەکان دەکەین بە بەکارهێنانی مریشکی زیندووی ناوخۆیی.

سەرۆکی کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوەشداوە، کە 70٪ی تێچووی مریشک ئالیکە، کەچی لە پێنج مانگی رابردوودا بەبێ هیچ چاودێرییەک نرخەکەی بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک تەنیا لە چوار رۆژدا 100 هەزار دینار لەسەر هەر تەنێک زیادی کردووە و داوا دەکات چاودێری زیاتری هێلکەی تروکاندن بکرێت بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکان، هاوکات کەمکردنەوەی باج، دەستەبەری کۆمەڵایەتی و سووتەمەنی وەک پێویستییەکی بەپەلە بۆ رزگارکردنی ئەم کەرتە دەستنیشان دەکات.