بەرزبووەتەوە

نرخی نەوت 107 دۆلاری تێپەڕاندووە

توانا نەقی

دوای دابەزینی نرخی نەوت لە چەند رۆژی رابردوودا ئەوە دوو رۆژە رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و یەک بەرمیل لە سەروو 107 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 29.9.2026 و لەکاتی کردنەوەی بازاڕى وزەی جیهانیدا نرخى یەک بەرمیل نەوت بە 107 دۆلار و 3 سەنت دیاری کراوە و نرخەکەی بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو دوینێ ئێوارەش بەڕێژی 2.05٪ بەرزبووەتەوە.

هاوکات یەک بەرمیل نەوتى خاوى تەکساسیش بە 94 دۆلار و 28 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت و ئەویش نرخەکەی بەڕێژەی 1.68٪ بەرزبووەتەوە.

ئەم هەڵبەز و دابەزەی نرخی نەوت دوای ئەوە دێت کە چەند رۆژ پێش ئێستا و لە پەراوێزی لوتکەی کۆمەڵەی گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیف ویتکۆڤ نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر یەک مێز دانیشتن، دواتر عێراقچی رایگەیاند، حەوت مەرجیان داوەتە ئەمریکا و ئەگەر پێیان رازی بن، بەمزووانە گەرووی هورمز دەکەنەوە.

هەر گۆڕانکارییەک لە گەرووی هورمز کاریگەری راستەوخۆ لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا دروست دەکات.