وشکەساڵی خۆی نواند

چەمی ناڵپارێز بەرەو وشکبوون دەچێت و بەسەدان ماسی لەناوچوون

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

وشکەساڵی تەنگی بە چەم و رووبارەکانی پێنجوێن هەڵچنیوە و بێ ئاوی کردوون، زۆربەی هەرەزۆریان بەتەواوی وشک بوون و بەسەدان ماسیش لەناوچوون.

سەردار ئەحمەد بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن بە 964ـی وت، ” بەشێکی زۆری چەمی ناڵپارێز وشک بووە و هۆکارەکەشی وشکەساڵییە، ئەمساڵ زۆربەی چەم و رووبارەکان بێ ئاون و جوتیارانیانیش بۆ ئاودانی زەوی کشتوکاڵییەکانیان، تووشی کێشە بوون”.

لەگەڵ ئەو بێ ئاوییەدا، بەسەدان ماسی لەناوچوون و بەقسەی سەردار ئەحمەد، لەبەر ئەوەی لە ناوچەکانی دیکەش حاڵەتی لەناوچوونی ماسی هەیە، ناتوانن ماسییەکان بگوازنەوە بۆ شوێنێکی دیاریکراو.

بەپێی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تایبەت بۆ 964 نێردراون، لە چەند هەفتەی رابردوودا کاریگەری وشکەساڵی بەتەواوی لەسەر چەم و رووبارەکانی پێنجوێن دەرکەوتووە و چەند شوێنێکی سەنتەری قەزاکە کە کانیاو و ئاویان تێدایە، نزیکن لە وشکبوون و ئاویان تێدا نەماوە.

مانگی چواری ئەمساڵ، لێپرسراوی کەشناسی پێنجوێن وشکەساڵی راگەیاند و باسی لەوەشکرد، کە ساڵانی 2008 و 2009ـش وشکەساڵی لە قەزاکەیان خۆی نواندووە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

لە پێنجوێن وشکەساڵی راگەیاندرا

لە پێنجوێن وشکەساڵی راگەیاندرا