زۆنەکانی پشتوێنەی سەوزایی هەولێر نیشان دراوە - وێنە: پارێزگای هەولێر
ئامانجەکە چییە؟
پشتێنەی هەولێر سەوز دەکرێ و UNDP بەشێکی دەگرێتە ئەستۆ
964+
ئەحمەد مستەفا
رێکخراوی UNDPی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان، دەیەوێت جێبەجێکردنى زۆنێک لە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی شاری ھەولێر لە ئەستۆ بگرێ، بۆ ئەوەش لەگەڵ پارێزگار و ئیدارەی خۆجێی هەولێر دیداریان ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکە، لە رێگەى داتاشۆوە راپۆرتى ئامادەکراو بە نەخشە و دیزاین و وردەکارى زۆنەکانی پڕۆژەکە، کە پێکهاتووە لە هەشی زۆن خراوەتەڕوو، پلانەکە وا دانراوە کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا، لە چوارچێوەی ماستەرپلانى شارى هەولێردا بێ.
لە بڵاوکراوەیەکدا کە بۆ 964 نێردراوە، پارێزگای هەولێر دەڵێ، هەردوولا بۆ بەدواداچوون و بەرچاووڕوونى زیاتر و داڕشتنى پلان و کارکردنى هاوبەش بۆ دەستپێکردن و کارکردن لە یەکێک لە زۆنەکانى پڕۆژەکە بڕیاریاندا، لیژنەکە فراونتر بکرێت و دیراسەى زیاتر بۆ بودجە و تێچووى ئەو بەشەی پڕۆژەکە بکرێ.
پشتێنەی سەوزایيی هەولێر، بەشێوەی بازنەیی بە چواردەوری هەولێردا دەسووڕێتەوە و دەکەوێتە دوای شەقامی 150 مەتری، پانی پشتێنەکە 2 کیلۆمەترە، لەگەڵ دروستکردنى زیاتر لە 10 پۆند.
بڕیارە لەو پرۆژەیەدا داری زەیتوون و فستق بچێنرێن، ئامانج لە پرۆژەکە جگە لە زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و پاراستنی ژینگە و بەرگرتن لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا، پاراستنی زەوییە کشتوکاڵییەکانە کە بۆ پرۆژەی ناکشتوکاڵی وەک وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون بەکارنايهت.
ئەوە لە حاڵێکدا، بە گوێرەی قسەی ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر بێت، ئێستا رێژەی سەوزایی هەولێر نزیکە لە 20%ی رووبەری گشتی.
