سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار:

 “رێگە نادرێت سیمای شارەکانمان و ناوبانگی میواندۆستی گەلەکەمان لەکەدار بکرێت”

شۆڕش قادری

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم دەڵێت، گەشتیاران میوانی ئازیزی ئێمەن، پاراستنی شکۆ، ئارامی و سەلامەتییان، ئەرکی لە پێشینەی ئێمەیە و رێگە نادرێت سیمای جوانی شارەکانمان و ناوبانگی میواندۆستی گەلەکەمان لەکەدار بکرێت.

ژوان سابیر سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار لە پەیامێکدا دەڵێت، “بە توندی سەرکۆنەی هەر جۆرە ڕەفتارێکی نەشیاو و دوور لە کلتووری میواندۆستی بەرامبەر بە گەشتیاران دەکەین، هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک لانکەی ئارامی و پێکەوەژیان دەمێنێتەوە و رێگە نادرێت هیچ کەس و گروپێک بە کاری نا بەرپرسانە، سیمای جوانی شارەکانمان و ناوبانگی میواندۆستی گەلەکەمان لەکەدار بکەن.

ژوان سابیر دڵنیایی دەداتە سەرجەم گەشتیاران و هاوڵاتیان و دەڵێت، دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم بەردەوام لە ئەرکدا دەبن بۆ خزمەتکردن و پاراستنی سەلامەتیی میوانان، گەشتیاران میوانی ئازیزی ئێمەن پاراستنی شکۆ، ئارامی و سەلامەتییان، ئەرکی لە پێشینەی ئێمەیە”.

ئەم پەیامەی سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار بۆ رووداوەکەی شەوی رابردووی کەلارە کە چەند ماتۆڕسوارێک لەناوەڕاستی شەقامێکی کەلار رێیان لە چەند پاسێکی گەشتیاران گرت و دواتر ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەیەکی کورتدا توانیویانە ماتۆڕسوارەکان دەستگیر بکەن.