گەرمیان گەرمایەتی

دووشەممە گەرما دێ و بارانیش مەیلی بارینی هەیە

ئەحمەد مستەفا

گەرما ورد وردە خۆی نیشان ئەیات و لەم دووشەممەیەی هاتەوە، خانەی 30 جێدەهێڵێ و لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە نێوان 31 پلە بۆ 38 پلەی گەرمی تۆمار دەکات، ئەوە لەولاوە بوەستێ بەهار هێشتا مانگ و نیوێکی ماوە.

پێشبینییەکە وایە، رۆژی دووشەممە 11.5.2026 و رۆژی سێشەممەی دواتر شەپۆلێکی گەرما روو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات و لە زۆر ناوچە گەرمی هەستی پێ بکرێ.

دۆخی گەرماکە بەمجۆرە پێشبینی دەکرێ؛ لە شاری سلێمانی 31 بۆ 32 پلە، لە هەولێر 34 پلە، لە دهۆک 32 پلە، لە هەڵەبجە 34 پلە تۆماربکات.

پشتیوانی عەلی، شارەزایی کەشناسی ئەمڕۆ شەممە بە 964ی وت، حاجی ئۆمەرانی 22 پلە و قەزای پێنجوێن 27 پلە تۆماردەکەن و بەراورد بە ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان کەمترن، بەڵام گەرمیان 38 پلە تۆماردەکات کە بەرزترین پلەی گەرمی دەبێت لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.

ئەو شەپۆلە گەرما بێزارکارە کاتییە و تێنەکەون دواتر سەرما دێتەوەو باران دەبارێت، ئەمە قسەی شارەزا کەشناسییەکە بۆیە دەڵێت، ئاگاداری تەندروستیتان بن، پەتای وەرزی بەربڵاو دەبێت، وە مەودای 11 بۆ 25ی ئەم مانگە ئەگەری زۆرە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان باران ببارێت.