دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ وادهڵێت
لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا دەستگیرکراوەکانى سلێمانى لهلایهن ئاسایشهوه ئازاد دەکرێن
964+
فهرهاد حهسهن
دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ لە هەرێمى کوردستان رایگەیاند، ئاسایشى سلێمانى پێی راگەیاندوون کە لەچەند کاتژمێرى داهاتوودا ئەو مووچەخۆرانە ئازاد دەکرێن کە لەسەر بانگەشەکردن بۆ خۆپیشاندان دەستگیرکراون.
ئهمڕۆ چوارشەممە لە راگەیەنراوێکدا دهستهكه ئاماژە بەوەدهكات، دوو کەس لە نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە لایەن هێزێکی ئاسایشی سلێمانیەوە دەستگیرکراون و براون بۆ گرتووخانەی ئاسایش بە شێوەی کاتی لە باری راگرتندا هێڵراونەتەوە.
دەشڵێت، تیمی چاودێری و بەدواداچوونی نووسینگەی سلێمانی مافی مرۆڤ لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ ئەم رووداوە کردووە و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە دەزگای ئاسایشى سلێمانی بە مەبەستی زانینی هۆکاری دەستگیرکردنیان و راگرتنیان.
له راگهیندراوهكه هاتووه “بە مەبەستی بەدواداچوونی زیاتر و وەرگرتنی زانیاری پەیوەندیان لەگەڵ لێپرسراوێکی ئاسایش کردو پێی راگەیاندین کە دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بە ئاگاداری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش بووە و لەم هەلومەرجەدا بە فەرمی رێگە بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان نەدراوە، گرتنەبەری رێکارەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی شار یاساییە و لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا سەرجەمیان ئازاد دەکرێن”.
داواشى لە ئاسایشی سلێمانی كردووه هەرچی زووە دەستگیرکراوەکان ئازاد بکات و بگەڕێنەوە ناو کەسوکار و ئەرکی وەزیفی خۆیان.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پشتیوانی تەواو بۆ مووچەخۆران دووپاتدەکاتەوە و مووچە به مافێکی ئاسایی و یاسایی ئهوان دهزانێت نابێ بەهیچ پاساوێک دابەشنەکرێت، دواکەوتنیشی کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی خەڵک و جموجۆڵی بازاڕ دروستکردووە.
ئهمڕۆ چوارشهممه، ژمارەیەک لە مووچەخۆران لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا لە سلێمانى رایانگەیاند، سبەینێ لەبەردەم پەروەردەى رۆژئاواى سلێمانى خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن بۆ سێ داواکارى کە بریتین لە، دابەشکردنى مووچە، رەتکردنەوەى هەژمارى من و جێبەجێکردنى تەوتین و بڕیارى دادگاى فیدراڵى.
پێشتریش، سەلام عەبدولخالق وتەبێژى ئاسایشى سلێمانى لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند بوو، 11 کەس بەپێی ماددەى 10ى یاساى رێکخستنى خۆپیشاندان راگیراون.
وتبووشی “خۆپیشاندان قەدەغە نییە بەڵام لە ئێستادا کاتەکەى گونجاو نییە، بەو پێیەى ئەوان زانیارییان هەیە کە خۆپیشاندان بە لاڕێدا دەبرێت”.