لە هێرشێکی درۆنیدا

هەشت پێشمەرگەی پارتی ئازادی کوردستان برینداربوون

ئەحمەد مستەفا

نزیک بە کاتژمێر 2:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 19.7.2026، بارەگایەکی سوپای میللیی کوردستان لە چەمشار، نزیک دارەشەکران بەر هێرشی درۆنی ئێران کەوتووە.

ئەدیب خالدیان، لە راگەیاندنی سوپای میللیی کوردستانە، ئەو لە راگەیەندراوێکدا کە 964 بۆی هاتووە و بینوویەتی دەڵێ، “هەشت پێشمەرگەمان بەهۆی ئەو هێرشەوە برینداربوون”.

سوپای میللی کوردستان ھێزێکی سەر بە پارتی ئازادی کوردستانە کە حزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، لە ساڵی 2020 لە کۆنگرەی پارتی ئازادی کوردستان دا ناوی سوپای میللی کوردستان بۆ پێشمەرگەکانی پارتی ئازادی کوردستان ھەڵبژێردرا.

بە گوێرەی ئەو دیمەنە و ڤیدیۆیانەی کە بۆ 964 هاتووە، هێرشەکە بە درۆنی بۆمبڕێژکراو ئەنجامدراوە، لەپڕ دەگاتە ئاسمانی بارەگای هێزەکە و دەتەقێتەوە، ئەو بارەگایە لە سنووری پارێزگای هەولێرە.

هەروەها، رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا دەڵێ، بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان لە لایەن پارتی ئازادی کوردستانەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر بارەگایەکی ئەم حزبە لە ناوچەی چەمشاری لە نزیک دارەشەکرانی هەرێمی کوردستانی عێراق.