دکتۆرەکانی دەربەندیخان فریای کەوتن
کۆرپەیەکی یەک مانگانە لە مردن رزگار کرا
شۆڕش قادری
لە دەربەندیخان منداڵێکی ساوای تەمەن یەک مانگە، شیر لە قوڕگی گیربوو و خەریکبوو کارەسات بقەومێ، بەڵام دکتۆرەکانی نەخۆشخانەی قەزاکە ئازایانە فریای کەوتن و رزگاریان کرد.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دەربەندیخان ڤیدیۆی ساتی گەیاندنی منداڵەکەی بۆ نەخۆشخانە بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، رۆژی سێشەممە 7.7.2026 منداڵێکی تەمەن یەک مانگ گەیەنرایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گشتی شەهید تۆفیق، کە لەکاتی شیرخواردنەوە، شیرێکی زۆر پەڕیبووە بۆری هەناسە و قوڕگی و هیچ نیشانەیەکی ژیانی تێدا نەمابوو، وەک لێدانی دڵ و هەناسە.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەهەوڵی دەستبەجێی پزیشک و کارمەندانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە، توانراوە کارە فریاگوزارییەکان بۆ ئەو منداڵە بکرێت و لەمردن رزگاری بووە.