بە نیازی چی بوون؟

پەنجا ماتۆرسوار لە دوبز دەستگیر کران

964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک

50 ماتۆڕسوار، كە سەر بە كۆمپانیایەكی گەیاندنن، کاتژمێر یەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لە قەزای دوبزەوە لە رۆژئاوای کەرکوک دەستگیر كران، ئەوان بە رێگەی خۆڵەوە لە موسڵەوە هاتوون و ویستوویانە بچن بۆ هەولێر، بەڵام دەستبەسەرن و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، بە قسەی سەرچاوەیەكی ئەمنییش هێشتا هۆكاری هاتنی ئەو ماتۆڕسوارانە بەو شێوەیە روون نییە، بەڵام نوێنەری کۆمپانیاکەش وتی، ماتۆڕسوارەکان بڕیار بوو بچنە سلێمانی.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی قەزای دوبز ئەمڕۆ 21.62025 بە 964ـی وت، ئەو 50 ماتۆڕسوارە بە ماتۆڕەکانیانەوە دەستبەسەر کراون، بەهۆی ئەوەی بە دزییەوە و لەسەر خۆڵ ‌و دوور لە چاوی دەزگا ئەمنییەکان، هەروەها بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای موسڵەوە هاتوون و لە کاتێکدا ویستوویانە لە موسڵەوە بڕۆن بۆ هەولێر، لە بازگەکان رێگریان لێکراوە، بۆیە ناچار هاتوون بۆ قەزای دوبز.

سەرچاوەکە وتیشی، دەست بە لێکۆڵینەوە لەگەڵیان کراوە و تا ئێستا مەبەستی هاتنیان روون نەبووەتەوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی وت، ئێستا بارودۆخی ئەمنی نەک لە کەرکوک، بەڵکو لە تەواوی عێراق و ناوچەکە بە گشتی باش نییە بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە، بۆیە 50 گەنج بە ماتۆڕ بێنە ناو قەزایەک، جێگای گومانە، هەروەها لە رێگەی خۆڵەوە هاتوون، هەر بۆیە لە لایەن هەواڵگریی سوپا و پۆلیسەوە دەستگیرکران و رەوانەی بنکەی پۆلیسی دوبز کراون.

هەر سەبارەت بەم بابەتە، سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای تۆتەرز بە 964ـی وت، “ئێمە ئاگاداری ئەم بابەتە نین و پەیوەندیمان نییە لەگەڵ کەرکوک، ئێمە سەر بە هەولێرین”.

جەمیل شکور کارمەندی ئەو کۆمپانیایە بە 964ـی وت، ئەو ماتۆرسوارنە هاوڕێیانی ئێمەن، دەچنە شاری سلێمانی بۆ پشتگیری لە داشکاندێک لەسەر هەموو شیرینی و چێشتخانەکان، ئەوان لەسەر بڕیاری کۆمپانیای تۆتەرز رۆیشتوون و بڕیارە لە سلێمانی کار بکەن، تا ئەو ئۆفەرە کۆتایی پێ دێت، ئەوەی کراوە بەرامبەریان كارێكی نەشیاوە و شەرمەزارییە”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

بارهەڵگر و ماتۆڕسوار بۆیان نییە لە رێگە گەشتیارییەكان ...

بارهەڵگر و ماتۆڕسوار بۆیان نییە لە رێگە گەشتیارییەكان هاتوچۆ بكەن