وەزیری تەندروستی لەگەڵ بەرپرسانی WHO و شارەزایانی جیهانی کۆبووەوە

دکتۆر سامان بەرزنجی لە چین بەشداری کۆنفڕانسێکی گەورەی پزیشکی دەکات

ژێوار خدر

دکتۆر سامان بەرزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر بانگهێشتنامەی فەرمی دەزگای نیشتمانی تەندروستی چین، گەیشتە ئەو وڵاتە و بەشداری لە کۆنفڕانس و پێشانگای نێودەوڵەتی تەندروستی IMC کرد، کە تێیدا نوێترین داهێنانەکانی تەکنەلۆژیای پزیشکی و سیستەمی ژیری دەستکرد بۆ بواری چارەسەری نمایش کران.

دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی رایگەیاند، ئەم بەشدارییە لەسەر داوەتنامەی ناوەندی توێژینەوە و هەماهەنگی دەزگای نیشتمانی تەندروستی چین (National Health Commission) بووە. لەوێدا چاوی بە وەزیرانی تەندروستی وڵاتانی جیهان و نوێنەرانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO کەوتووە و پێکەوە تاوتوێی رێگەکانی بەرەوپێشبردنی سیستەمی پزیشکی و رێکارە نوێیەکانی هەماهەنگی نێودەوڵەتییان کردووە.

وەزیری تەندروستی لە پەراوێزی کۆنفڕانسەکەدا، پێشانگای ئامێر و تەکنەلۆژیای سەردەمیانەی بەسەرکردووەتەوە، کە تێیدا دواهەمین پێشکەوتنەکانی بەڕێوەبردنی تەندروستی دیجیتاڵی و بەکارهێنانی ژیری دەستکرد خرابوونە روو.

دەشڵێت، ئامانجی ئەم بەشداریکردنە و تێڕوانینی رێکارە نوێیەکان، بۆ ئاشنابوونە بە دواهەمین پێشکەوتنەکانی جیهان لە پێناو پەرەپێدانی سیستەمی تەندروستی و دابینکردنی باشترین خزمەتگوزاری پزیشکی لە هەرێمی کوردستان.