کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراق
"بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق رەتدەکەینەوە"
چوار بڕیار لە پەرلەمانی عێراقەوە لەسەر شەڕی ئێران و ئیسرائیل
ژووری هەواڵ
پەرلەمانی عێراق لەسەر شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل کۆبووەوە و رایگەیاند، بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکە بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ رەتدەکەنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 17.6.2025، پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا هاوسۆزی بۆ گەلی ئێران دەربڕی و چوار بڕیاری لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەرکرد، راشیگەیاند، بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکان رەتدەکەنەوە.
بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق ئەمانەن:
یەکەم: پاڵپشتیکردنی هەوڵ و رێکارەکانی حکومەت دژی پێشێلکردنی سەروەری ئاسمانی عێراق لەلایەن “قەوارەی زایۆنی”یەوە، هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی پاڵپشتیی جووڵە دیپلۆماسییەکانی حکومەت دەکەین.
دووەم: گەلی عێراق لەگەڵ گەلی ئێراندا هاوسۆزە دژی “دەستدرێژییەکانی” ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.
سێیەم: بە تووندی پێشێلکردنی ئاسمانی عێراق و بەکارهێنانی بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ رەتدەکەینەوە.
چوارەم: جەخت لە پتەوکردنی یەکڕیزیی ناوخۆیی دەکەینەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر لێکەوتەیەکی هەرێمی یان نێودەوڵەتی.