"هەموو شووتییەکەم لە شوێنی خۆی مایەوە"

جوتیارانی جەبارە ئەمساڵ بە دەیان ملیۆن زەرەریان کردووە

راژان باجەڵان – جەبارە

ساڵانە جوتیارانی جەبارە سەدان تۆن شووتی هەناردەی زۆربەی شارەکانى عێراق دەکەن، بەڵام ئەمساڵ شووتییەکانیان لە زەرەر زیاتر هیچی نەهێشتەوە بۆیان.

ئەحمەد جبوری، جوتیارێکی جەبارەیە و بە 964ـی وت،” ئەمساڵ 165 دۆنم زەویم تەنیا بۆ شووتی تەرخان کردبوو کەچی پێگەیشت و کڕیاری نەبوو، هەمووی لە شوێنی خۆیدا مایەوە و ئێستا زیانەکانی نزیکەی 100 ملیۆن دینارە و تەنانەت توانای لێکردنەوەشیم نییە، چونکە پارەی دەوێت”.

“هۆکاری ئەم دۆخە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە سنووری ئێران لە باشووری عێراق کراوەیە و شووتی لەوێوە دێت جوتیارانی خۆشمان زەرەر دەکەن”، حوسێن ئەبو ئەحمەد جوتیارێکی تری هەمان ناوچەیە بۆ 964 وای وت.

لە بازاڕەکاندا نرخی کیلۆیەک شووتی لە نێوان 500-1000 دینارە، بەڵام لە عەلوەکان لە خوار 100 دینار دەکڕدرێت و بە پێی قسەی جوتیارانیش ئەگەر شووتییەکە کیلۆی کەمتر لە 150 دینار بفرۆشن ئەوا زەرەر دەکەن.

پێداچوونەوەی: پەری ساڵح