"پیلانیان هەبووە لە هەڵەبجە تەقینەوە بکەن"
ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی 22 چەکداری داعشی راگەیاند
کاکەلاو عەبدوڵا
دەزگای ئاسایشی هەرێم / سلێمانی رایگەیاند، گروپێکی چەکداری داعشی سەربە “ویلایەتی کوردستان”ـی هەڵوەشاندووەتەوە و 22 ئەندامی گروپەکەی دەستگیر کردووە کە پیلانیان هەبووە تەقینەوە لە هەڵەبجە ئەنجام بدەن.
بەپێی راگەیەنراوێکی ئاسایشی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و زانیاریی هەواڵگری لە ماوەی 96 کاتژمێردا لە رۆژانی 8 بۆ 12ـی ئەیلولی 2026 توانیویانە لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای هەڵەبجە 22 تۆمەتبار لە سنوری سلێمانی، هەڵەبجە، پێنجوێن، خورماڵ و سیروان دەستگیر بکەن.
“ئەم چەکدارانەی داعش سەر بە کەتیبەی 5ـی ویلایەتی کوردستانن و پیلانیان هەبووە بۆمب لە پارێزگای هەڵەبجە دابنێن و بیتەقێنەوە، چاودێری هێزە ئەمنییەکان بکەن و تەقەیان لێبکەن، هەروەها بەنیازبوون ئەمارەتێک لە ناوچەکانی هەورامان یان شارەزوور دروست بکەن”، ئاسایشی سلێمانی وادەڵێت.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بە جۆری ئەو چەکانەش کراوە کە دەستیان بەسەرداگیراوە کە بریتین لە: ئاڕپیجییەک، یەک گولـلە هاوەن، شەش رومانە، شەش چەکی کڵاشینکۆف و 300 فیشەک، دوو دەمانەچە و 100 فیشەک.
دەقی راگەیاندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە خوارەوە:
دەزگای ئاسایشی هەرێم، گرووپێکی چەکداری داعش سەربە
(ویلایەتی کوردستان)ی هەڵوەشاندەوە و ٢٢ ئەندامی گرووپەکە دەستگیردەکات.
کوردی / عربي
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەڕۆژانی ٨ -٢٠٢٦/٩/١٢ لەماوەی(٩٦)کاتژمێر، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش توانیان، لەچەند ئۆپراسیۆنێکدا بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای هەڵەبجە ٢٢ تۆمەتبار لەسنووری (سلێمانی، هەڵەبجە، پێنجوێن، خورماڵ، سیروان) دەستگیربکەن.
پیلانی چەکدارانی داعش-کەتیبەی ( ٥ )ی سەربە ویلایەتی کوردستان:
-خۆڕێکخستن و وەرگرتنی بەیعەت لەئەندامانی گرووپەکە.
-دانانی بۆمب و تەقینەوە لەناو پارێزگای هەڵەبجە.
-چاودێریکردن و تەقەکردن لەهێزەئەمنییەکان لەکاتی مەشق و ڕاهێنان بەچەکی قورس و مامناوەند.
-دروستکردنی ئەماڕەتێک لەناوچەکانی( هەورامان یان شارەزوور )
-بەستنەوەی پەیوەندی شانە نووستووەکانی داعش لەکوردستان و عێراق لەگەڵ تیرۆریستانی دەرەوە.
-کۆکردنەوەی پارە بەمەبەستی کڕینی چەک.
لەم ئۆپراسیۆنەدا دەستگیرا بەسەر ژمارەیەکی زۆر چەک و کەلوپەلی و سەربازی:
یەک چەکی جۆری ئاربیجی و سێ گوللە و پێنج حەشوە.
یەک گولە هاوەن.
شەش بۆمبی دەستی (رومانە)
شەش چەکی جۆری کڵاشینکۆف و ١٣ مەخزەن و ٣٠٠ فیشەک.
دوو دەمانچە و ١٠٠ فیشەک.
یەک کامێرای چاودێری.
یەک دووربینی سەربازی.
جلوبەرگ و کەلوپەلی سەربازی.
تۆمەتباران بەماددەی(٢)ی تیرۆر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسییەكەدا بەردەوامە.