بە نرخەکەى بیناسەوە

وریابە تێنەکەویت؛ لە بازاڕدا برنجى خراپ بە ناوى بانیخێڵانەوە دەفرۆشرێت

میلاد جەلال-  دەربەندیخان

جوتیارانی گوندی بانیخێڵانی سەر بە قەزای دەربەندیخان، هۆشدارییەکی توند دەدەنە ئەو کەس و بازرگانانەی کە برنجی خراپ و هاوردەکراو بە ناوی برنجە بەناوبانگەکەی ئەوانەوە ساغ دەکەنەوە، جەختیش دەکەنەوە کە هەرکەسێک ئەو کارە بکات، رووبەڕووی یاسا و سکاڵای دەکەنەوە.

کاوە سالار، کە یەکێکە لە جوتیارەکانی گوندی بانیخێڵان، لە بە 964ـى وت “لە سەرتاسەری کوردستان ناوبانگی برنجی بانیخێڵان دیارە و برنجەکەمان پلە یەکە، بۆیە بەکارهێنانی ناوی گوندەکەمان بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوچەکانى دیکە یان وڵاتانی دەرەوە، بۆ ئێمە هێڵی سوورە و بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە.”

ئەو جوتیارە نیگەرانیی خۆی لەو ساختەکارییەی بازاڕ دەردەبڕێت و دەڵێت: لە بازاڕەکاندا دەبینین برنجێکی خراپ بە ناوی بانیخێڵانەوە دەفرۆشرێت و کیلۆی بە دوو هەزار دینارە، لە کاتێکدا برنجە رەسەنەکەی بانیخێڵان کیلۆی بە پێنج هەزار دینارە و لە ئێستاشدا لە بازاڕەکاندا نەماوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو جوتیارە، ساڵانە لەو گوندەدا تەنیا 150 تۆن برنج بەرهەم دەهێنرێت و بەهۆی بەرزیی کوالێتییەکەیەوە خواستی زۆری لەسەرە، بە جۆرێک بەرهەمەکەیان لە سنووری سلێمانی تێپەڕ ناکات. دەشڵێت: کاتێک بەرهەمی ئێمە تەنیا 150 تۆن بێت و بەشی کوردستان نەکات، ئەی خێرە زیاتر لە 500 تۆن برنج لە بازاڕەکاندا بە ناوی بانیخێڵانەوە دەفرۆشرێت؟.

ئەو جوتیارە ئامۆژگارى کڕیاران دەکات بۆ ئەوەى تێنەکەون و برنجى دیکەیان بەناوى بانیخێڵانەوە پێ نەفرۆشن، دەڵێت: بەنرخەکەى بیناسنەوە، برنجى بانیخێڵان کیلۆى لە 5 هەزار دینار کەمتر نییە، لەوە کەمتر فرۆشرا برنجى بانیخێڵان نییە.

لە ئێستاشدا، جوتیارانی گوندەکە کەوتوونەتە خۆیان بۆ بەدواداچوون و دۆزینەوەی سەرچاوەی ئەو ساختەکارییە، تاوەکو لە رێگەی دادگاوە سکاڵایان لەسەر تۆمار بکەن و رێگە نەدەن چیتر ناوبانگی بەرهەمەکەیان بۆ بەرژەوەندیی مادیی کەسانی دیکە بەکاربهێنرێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح