دەرمانخانەکە داخراوە
لە زاخۆ دەستبەسەر 250 پارچە دەرمانی قاچاخدا گیرا
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت و تەندروستی زاخۆ دەستیان بەسەر زیاتر لە 250 پارچە دەرمان و حەبی قاچاخی دەرمانخانەیەکدا گرت و دەرمانخانەکەشیان داخست.
دەرمانخانەکە لە دوکانێکی درواسێی کە پەڕاوگەیە، دەرمانەکانی شاردبووەوە و لە پەڕاوگەکە دەست بەسەر دەرمانە قاچاخەکاندا گیراوە.
د.عەلی حسێن، بەرپرسی بەشی کوالیتی جۆری دەرمانەکان بە 964ـی وت، “لیژنەکەمان توانیان دەستبەسەر دەرمانەکاندا بگرن، دەرمانخانەکەشمان داخست و خاوەنەکەشی سزای دارایی و یاسایی دەدرێت.”
پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسییەکە کراوەتەوە و بەپێی زانیارییەکانی 964، هێشتا دیار نییە کە خاوەنی پەڕاوگەکە بە تۆمەتبار دیاری دەکرێت یان نا، چونکە رەنگە نەیزانیبێت دەرمانەکان، دەرمانی قاچاخن.
پێداچوونەوە: کاکەلاو عەبدوڵا