چى روویداوە؟
وردەکارى هێرشەکانى ئیسرائیل بۆسەر ئێران
964+
وریا فەتاح
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ئیسرائیل هێرشێکی لەپڕى بۆ سەر ئێران ئەنجامدا و میدیاکانی ئێرانیش بیستنی دەنگی تەقینەوەیان لە تاران پشتڕاستکردەوە. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل باری نائاسایی لە
سەرانسەری وڵاتەکەیدا راگەیاند و دوو بەرپرسی ئەمریکیش دەڵێن، ئاگاداری هێرشەکە بوون، بەڵام ئەمریکا بەشداریی تێدا نەکردووە.
دەنگى رۆیشتى موشەکەکان لەسەر ئاسمانى هەرێمى کوردستان هەستى پێکرا و بەشێک لە خەڵکى لە شیرینى خەو خەبەر کردەوە، لەگەڵ یەکەم دەنگى موشەکەکانیش نرخى نەوت فڕى.
هەر تۆزێک دواى هێرشەکە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: لە پاش هێرشە خۆپارێزییەکەی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پێشبینی دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا هێرشێکی مووشەکی و درۆنی بکرێتە سەر ئیسرائیل و هاوڵاتییە مەدەنییەکانی.
لەبەر ئەم مەترسییەش، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل فەرمانێکی تایبەتی دەرکرد و بارى نائاسایى لەسەرتاسەرى وڵاتدا راگەیاند و ئاسمانى وڵاتەکەشى داخست.
هەر لەو کاتەدا، موشەکەکان گەیشتنە تاران و چەند تەقینەوەیەکى یەک لەدواى یەکیان دروستکرد.
لەبارەى هێرشەکانەوە، دوو بەرپرسى ئەمریکى بە رۆیتەرزیان وتووە کە لە هێرشەکەدا ئەمریکا بەشدارى تێدا نەکردووە و هیچ کۆمەکێکى ئیسرائیلیشى نەکردووە.
بەپێى میدیاى ئیسرائیلى بێت، هێرشەکان بەوە ناوەستن و چەند هەفتەیەکى تر بەردەوام دەبن.
هەرچەندە قسەوباسى جیاواز دەکرێت لەبارەى شوێنى بە ئامانجگرتنى هێرشەکان، بەڵام هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن ئەو شوێنانەى بەئامانجگیراون، شوێنى مانەوەى بەرپرسانى سەربازى و ناوەندە سەربازییەکانن.
عێراقیش کە بەهۆى گروپە میلیشیاییەکانەوە بەرکەوتەیەکى رووداوەکانە، هەرزوو ئاسمانى وڵاتەکەى داخست، چونکە بەشێکى موشەکەکان لێرەوە تێپەڕین.
نەوت راوەستانى نییە
لەگەڵ زرمەى یەکەم هێرش، نرخى نەوت بەرەو بەرزبوونەوە هەنگاوینا، سەرەتا 4 دۆلار بەرز بووەوە، لە کاتژمێر 4:30 خولەکى بەرەبەیانیش، یەک بەرمیل لە نەوتى برێنت گەیشت بە 75 دۆلار، لە کاتێکدا پێش هێرشەکە لە نیوەشەودا بە 69 دۆلار و شتێک بوو.
