بەرگری شارستانی: گومان دەکرێت خنکابێت
لە دوێنێوە منداڵێکی دانیشتوی هەولێر لە سنووری ناحیەی رۆڤیا ونبووە
فەرهاد حەسەن
بەرگری شارستانی ئاکرێ دیمەنی تیمەکانی بڵاوکردووەتەوە کە شەوی رابردوو و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەداو ئەو منداڵەی دانیشتووی هەولێردا دەگەڕێن کە لە نزیک رووباری زێی گەورە لە دوێنێوە ونبووە.
منداڵەکە تەمەنی سێ ساڵانە و بەمەبەستی گەشتکردن و سەیران لەگەڵ کەسوکارەکەی لە هەولێرەوە هاتبوونە سەر ئەو رووبارە لە نزیک گوندی چەمەی سەر بە ناحیەی رۆڤیای قەزای بەردەڕەش.
بەرگری سارستانی دەڵێت، گومان دەکرێت منداڵەکە کەوتبێتە ناو ئاوی ئەو زێیە بۆیە لە دوینێوە تیمەکانی رزگارکردن لەو شوێنەی کە لیی ونبووە دەستیان بە گەڕان کردووە.
ئیباهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی قەزای ئاکرێ بە 964ی وتم لەکاتی گەڕانی تیمەکانیان تاکێک (نەعل)ی ئەو منداڵە لە نزیک ئاوی رووبارەکە دۆزراوەتەوە بۆیە گومان دەکرێت کە منداڵەکە کەوتبێتە ناو ئاوەوە.