هەواڵەکان؛

هەوارى تازە بێ ئاوە و خاون شوقەکانی گوڵدن تاوەرزیش لە هەولێر گردبوونەوە

ژووری هەواڵ

ئەگەر ویستان بە میوانى بچنە ماڵى خزم و دۆستێکتان لە گەڕەکى هەوارى تازە لە شارى سلێمانى و دەرگایان لێ نەکردنەوە یان بە تەلەفون وتیان لە ماڵ نین، دڵ لە دڵ نەدەن، ئەوە بزانن کە ئاویان نییە، چونکە دانیشتوانى ئەو گەڕەکە لەم وەرزەدا گرفتارى بێ ئاوین و تانکییەکانى سەربانیان بەردەوام تینویانە.

لەبەردەم پڕۆژە تەواو نەکراوەکەی گۆڵدن تاوەرز لە هەولێر بەشێک لە خاوەن شوقەکان گردبوونەوە، ئەوان نزیکەی دوو هەزار کەسن و پێنج ساڵە چاوەڕێی تەواوکردنی شوقەکانیانن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بێئومێد ماونەتەوە و دەڵێن هیچ کەس و لایەنێکیش وەڵامێکی باوەڕپێکراومان ناداتێ کە بۆچی پڕۆژەکە تەواو نەکراوە.

کورد دەڵێت: بۆ ریش چوو خەریکبوو سمێڵیشى لەسەر دابنێ، ئەمە رێک بۆ ئەو رووداوى ئاگرکەوتنەوەیە راستە کە ئەمڕۆ لە سنوورى تەقتەق روویدا، چونکە زۆرى نەمابوو، ئۆتۆمبیلێکى بەرگرى شارستانى بسووتێت.

کاتێک پێمانوایە لە ناو ئۆتۆمبێلداین و سەفەر دەکەین هەموو شتێک باشە، بەڵام رەنگە ئەمە سەفەرى یەکجارى بێت، چونکە کەم رۆژ هەیە لە کوردستان، رووداوێکى هاتوچۆ پرسە نەخاتە ماڵێکەوە، ئەوەتا لە ماوەى حەوت رۆژدا تەنیا لە دوو رووداودا حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە.