بە کارتی ئەلیکترۆنی موچە وەردەگرن
خانەنشینانی سلێمانی حەسانەوە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
چیتر خانەنشینان بەرەبەیانی زوو ناچنەوە بەردەم بانکەکان و سەرە بۆ موچەکانیان ناگرن، ئێستا دەتوانن لەرێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە لەنزیکترین بانک موچەکانیان وەربگرن.
لەمانگی داهاتووە، خانەنشینان دەحەسێنەوە و چیتر لەبەرەبەیانەوە بۆ سەرەگرتن ناچنەوە بەردەم بانک، بەڵکو بەو کارتە ئەلیکترۆنییەی بۆیان کراوە دەتوانن لەنزیکترین بانک موچەکانیان وەربگرن.
تۆڕی964 دەزانێت، 86 هەزار خانەنشینی شارستانی و سەربازی لەسنووری پارێزگای سلێمانیدان و موچەکانیان لەسەر بانکی مەڵکەندییە.
ئەم مانگە هەزار و 400 خانەنشین بە ئەلیکترۆنی موچەیان وەرگرتووە و کارتی هەموو ئەوانی تریش کراوە و تەنیا کاراکردنیان ماوە.
شۆخان عومەر، بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی لەشاری سلێمانی بەتۆڕی964ی راگەیاند: پڕۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی موچەی خانەنشینان بەردەوامە و لەمانگی داهاتوودا کارتەکانی هەموویان کارا دەکرێت.
دەشڵێت: پێشتر دەبوو خانەنشینان لەچەند نووسینگەیەکی دیاریکراو موچەکانیان رابکێشن، بەڵام لەمەودوا ئەوەش نەماوە و دەتوانن لەنزیکترین شوێنی خۆیانەوە پارەکانیان وەربگرن.