لە تەقتەق
پارچە سەبێک خەریکە ئۆتۆمبێل بە ساغی ناهێڵێت
عەزیز عەبدوڵا – تەقتەق
سەبی پاشماوەی ترافیکلایتێک لە تەقتەق بووەتە دەردەسەری بۆ شۆفێران و یەکێک تایەی تەدەقێت و یەکێکیش ئۆتۆمبێلەکەی هەڵدەواسێ.
سەرکەوت نەعمان کاسبکارە بە 964ـی وت، ئێمە بژێوی ژیانمان لە ناو ئەم بازاڕەیە، دەزانین دۆخی شۆفێران بەدەس ئەم پاشماوەی ترافیکەوە چییە، رۆژنییە هاوکاری ئۆتۆمبێل نەکەین و دەری نەهێنین، چونکە شۆفێران کاتێک سەردەکەون بە هەورازەکەدا نایبینن و دەکەونە سەری.
وتیشی،”ئێمە گەشتیار و میوانمان زۆرە، کاتێک دێنە شارەکەمان شارەزانین، رۆژێک سەیارەیەک لێیدا رۆتی پێشەوەی هەر بەجێما بۆیە بەردەوام بەدەم هاوڵاتیانەوەین”.
ئەم ترافیکە لادراوە بە دووری 100مەتر دەکەوێتە پێش پردەکەی تەقتەق و ماوەی چەند مانگێک دەبێت لابراوە.
964 پەیوەندی کرد بە ئاسۆ مستەفا قایمقامی قەزای تەقتەق سەبارەت بەم کێشەیە ئەو وتی، ساڵانی رابردوو ئێرە ترافیکی ناوشار بووە، بەڵام ماوەیەک دەبێت بەبڕیاری لایەنە ئیداریەکانی شار لابراوە و ئێستا بووەتە کێشە بۆ شۆفێران.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە ئاگاداری کێشەکەین،هەریەک لە شارەوانی و هاتوچۆ لەبابەتەکە ئاگادارن، بەڵام بەهۆکاری ئەوەی ژێر شەقامەکە و کۆنکرێتەکە کێبڵی تێدایە، ناتوانین وابەئاسانی دەستکاری بکەین.
پێداچوونەوە: توانا نەقی