چەند یەکەیەک بۆ کرێنشینان لە سیتەک - وێنە: 964
بۆ کرێنشینان و کەمدەرامەتان
کەى بەردى بناغەى یەکەکانى دەستەى وەبەرهێنان دادەنرێن؟
964+
عەبدولعەزیز خالند- هەولێر
دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆژەی دروستکردنی 21 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیانى کرێنشبن و کەمدەرامەت، کە هەزار یەکەیان تایبەتە بە کریستیانەکانی عەنکاوە، لە قۆناغی کۆتایی ئامادەکارییدایە و لە نزیکترین کاتدا بەردی بناغەیان بۆ دادەنرێت.
بەرگەشت ئاکرەیی، وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، بە 964ی وت: “پڕۆژەی دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتییانی کرێنشین، هەروەها هەزار یەکەی دیکەش بۆ خوشک و برا کریستیانەکانمان لە سنووری قەزای عەنکاوە، لە قۆناغی کۆتایی ئامادەکارییدایە و بەمزووانە بەردی بناغەی دادەنرێت.”
سەبارەت بە مەرجی سوودمەندبوون لەو یەکانە، ئاکرەیی ئاماژەی بەوەدا،پێویستە ئەو کەسەی یەکەکەی بۆ دەردەچێت، پێشتر سوودمەند نەبووبێت لە هیچ یەکەیەکی نیشتەجێبوون یان زەوییەکی حکومی.
وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان شوێنی یەکەکانى ئاشکرا کرد و وتیشی، “لە شاری هەولێر، یەکەکان لە سێ ناوچەی جیاواز دروست دەکرێن کە بریتین لە سنووری ناحیەی بەحرکە، گەڕەکی باغلومنارە و گردجوتیار. ئێستا لە قۆناغی کۆتایی تەندەرینگ و وردبینیین و چاوەڕێی ئەوەین وەبەرهێنەر ئەرکی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە ئەستۆ بگرێت.”
ئاکرەیی جەختیشی کردەوە کە مەرجی سەرەکییان بۆ هەڵبژاردنی وەبەرهێنەر بریتییە لە “دروستکردنی یەکەکان بە کوالێتییەکی بەرز، نرخێکی گونجاو و دڵنیابوون لەوەی پڕۆژەیەکی درێژخایەن و بەهێز دەبێت و سودى بۆ کرێنشینان و خەڵکى کەمدەرامەت دەبێت”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح