ئاوی تانجەرۆ - وێنە: لە سۆشیال میدیا وەرگیراوە
لە نزیک سلێمانییە
سێ بڕیار لە سێیەم کۆبوونەوەی چارەسەری ئاوی تانجەرۆ دران
964+
ئەحمەد مستەفا
سێیەم کۆبوونەوەی تایبەت بە چارەسەرکردنی ئاوی قورسی تانجەرۆ بەڕێوەچوو، چارەسەرکردنی ئەو پرسە نەک لایەنە ئیدارییەکانی سلێمانی بەڵکو نەتەوەیەکگرتووەکان و ژینگەی عێراقیشی هێناوەتە سەر خەت و ئەمڕۆ سێ بڕیاریان داوە.
سەر روباری تانجەرۆ لە باشووری سلێمانی، ناوچەیەکە کە خۆڵی لێ فڕێدەدرێ، ئەمە ژینگەکەی مەترسیداری کردووە، رووبارەکە نزیکەی 120 کیلۆمەتر درێژدەبێتەوە و تێکەڵ بە رووباری سیروان دەبێت و دەچێتە دەریاچەی دەربەندیخانەوە و سەرچاوەیەکی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی خەڵکی ناوچەکانی دەربەندیخان، کەلار و ناوچەکانی دیکەیە.
پارێزەرانی ئاوی عێراق زۆر توێژینەوە و روپێویان لەسەر رووبارەکە کردووە، بە چەند قۆناغێک مەترسییەکانی سەر رووبارەکەیان دیاری کردووە وە دەڵێن، لە گوندی هەنارانی سەرووەوە دەستیپێکردووە تاوەکو دەریاچەی دەربەندیخان.
بە درێژایی رووپێوییەکەش، 240 مەترسیی جیاواز دەستنیشانکران، وەکو، تێکەڵبوونی راستەوخۆی زێراب و ئاوەڕۆی زیاتر لە 2 ملیۆن کەس بۆ ناو رووبارەکە بە بێ هیچ چارەسەرێک، تێکەڵبوونی زبڵ و پاشماوە پیشەزاییەکان، غەسالەکانی چەو و لم، پاڵاوگە نەوتییەکان و کارگە پیشەسازییەکانی ناوچەکە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23.4.206، بەسەرپەرشتیی هەلۆ عەسکەری، وەزیری ژینگەی عێراق و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی UN لە عێراق هەروەها بەڕێوەبەری رێکخراوی فاو، پارێزگار و سەرۆکی شارەوانی سلێمانی و لایەنەکان سێیەمین کۆبوونەوەی فراوانی تایبەت بە چارەسەرکردنی پیسبوونی ئاو لە ناوچەی تانجەرۆ کراوە.
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بە بەشداریی و ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە شارەزایان و بەرپرسانی باڵا و نوێنەرانی نێودەوڵەتی بەڕێوەچووە، وەک شارەوانی سلێمانی لە راگەیەندراوەکەدا باسی دەکات، تاوتوێی میکانیزمە بنەڕەتییەکانی چارەسەرکردنی پیسبوونی چەمی ئاوی تانجەرۆ کراوە، وە ئەم بڕیارانە دراون؛
1ـ دیاریکردنی ئەرکی لایەنە حکومی و نێودەوڵەتییەکان و دانانی رێکاری پێویست و ستراتیژی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشە ژینگەییەکان.
2ـ دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ پڕۆژەی وێستگەی گشتیی چارەسەرکردنی ئاوی قورسی سلێمانی.
3ـ جەختکردنەوە لە هەماهەنگی نێوان دامەزراوەکانی هەرێم، حکومەتی فیدراڵ و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە.
دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە