لە ئاوەکەی نەورۆڵی
لە هەڵەبجە رێکخستنەوەی بۆ کارکردنی بەلەمەکان دەکرێت
فەرهاد حەسەن
پارێزگای هەڵەبجە دەڵێتم لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کار بۆ رێکخستنەوەی کارکردنی بەلەمەکان لە ناوچەی گەشتیاری نەورۆڵی دەکەن، ئەمەش بە ئامانجی رێکخستنەوەی کەرتی گەشتیاری و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزارییە بەو هاوڵاتی و گەشتیارانەی روو لە ناوچەکە دەکەن.
نوخشە ناصح، پارێزگاری هەڵەبجە سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد کە تیایدا قائیمقام، گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرانی ناحیەی و پۆلیسی سیروان، ئاسایش و دارستان ئامادەی بوون.
باس لەوەکراوە، بەهۆی نەبوونی مەرجە پێویستەکان لە ئێستادا، پێویستە بەپێی میکانیزمێک، کارکردنی بەلەمەکان پابەند بکرێن بە ستانداردە گەشتیارییەکان و بۆ گەشتیارانیش نرخەکان بە شێوەیەکی گونجاو دیاریبکرێن.
لە کۆبونەوەکە بڕیاردرا، لیژنەیەکی هەمیشەیی تایبەتمەند بۆ بەدواداچوون و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکان پێکبهێنرێت.