بەدواداچوون

چارەنووسى 29 هەزار یەکەکەى کرێنشینان بەکوێ گەیشت؟

964+

وریا فەتاح

بەپێى ئامارەکانى سەرژمێرى گشتیى عێراق، لە هەرێمى کوردستان 200 هەزار کرێنشین هەن، حکومەتى هەرێمیش لە رێگەى دەستەى وەبەرهێنان و وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە دەمێکە بڕیاریانداوە 29 هەزار یەکە بۆ کرێنشینان دروست بکەن. بەپێى بەدواداچونێکى 964یش دوو ئەوەندەى کرێنشینان شوقە و یەکەى بەتاڵ بونیان هەیە.

لەماوەى 12 ساڵى رابردوودا کرێنشینان چوار جار فۆڕمى وەرگرتنى یەکەى نیشتەجێبوونیان پڕکردووەتەوە، بەڵام هیچ یەکەیەکیان وەرنەگرتووە.

لە هەرێمى کوردستان دوو پڕۆژە هەیە بۆ کرێنشینان، یەکێکیان هى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەیە و پێکهاتووە لە نۆ هەزار یەکەى نیشتەجێبوون، ئەوەى تر پڕۆژەى دەستەى وەبەرهێنانە کە پێکهاتووە لە 20 هەزار یەکە.

ئەو یەکانە چین و لە کوێن؟

لە 10ـى ئایارى 2022، حکومەتى هەرێم بڕیاریدا، بە دروستکردنى 20 هەزار یەکەى نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان، لەسەرتاسەرى هەرێمى کوردستان، لەمانگى تەمووزى هەمان ساڵ، 90 هەزار و 162 فۆڕم لەلایەن کرێنشینان پرکرایەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە زۆربەى ناوچەکان دەست بەجێبەجێکردنى پرۆژەکان نەکراوە.

پێشتریش وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە دەستیکردبوو بە دروستکردنى 9 هەزار یەکەى تر، کە ئێستا بەشێکیان 100%ـى بیناکانیان تەواو بوون، لە ئابى 2023، وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەى پڕکردنەوەی فۆڕمی بۆ وەرگرتنی یەکەکان راگەیاند و زیاتر لە 26 هەزار کەس فۆڕمەکەیان پڕکردەوە.

یەکەکانى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە بەم شێوەیە بەسەر شارو ناوچەکانى کوردستان دابەشکراون :

هەولێر، یەک هەزار و 356 یەکەى نیشتەجێبوون
سلێمانی: 3 هەزار و 876 یەکەى نیشتەجێبوون
دهۆک: 2 هەزار و 116 یەکە
هەڵەبجە: 192 یەکە
ئیدارەى سەربەخۆرى راپەڕین: 420 یەکە
ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان: 360 یەکە

ئیدارەى سەربەخۆى  سۆران: 360 یەکە
ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ: 324 یەکە

دروستکردنى یەکەى نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان قسەیەک بوو حکومەت فڕێیدا

بەرهەم قەرەداغی، سەرۆكی كۆمەڵەی داكۆكی لە مافی كرێنشینانی كوردستان بە 964ـى وت،”دروستکردنى 20 هەزار یەکەى نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان تەنیا قسەیەکى سەرۆکى حکومەت بوو لە رارەوێک فڕێیدا و تائـێستا دارى نەخراوەتەسەر بەرد”.

کابینەى نوێ دەست بە دروستکردنى ئەو یەکانە دەکات

لاى خۆیەوە بەرگەشت ئاکرەیى، وتەبیژى دەستەى وەبەرهێنان بە 964ـى وت،”دروستکردنى 20 هەزار یەکەى نیشتەجێبوون لە هەموو ئەو شوێنانەى کە پێویستە دەست بەجیبەجێکردنى بکرێت لە پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆکان قۆناغى زۆر باشى بڕیوە و زەوى دیاریکراوە، بۆیە ئێستا ئێمە چاوەڕێى پێشکەشکردنى پڕۆپۆزەڵى وەبەرهێنەرانین بۆ دروستکردنى ئەو یەکانە، تا کار لەسەر ئەوە بکریت کامە وەبەرهێنەر بە کوالێتییەکى باش کە لەگەڵ داهاتى خەڵک بگونجێت دروستى دەکات، بە قیستێکى درێژخایەن، ئەوکات ئێمە ئامادەین پێشکەشى ئەو بەرهێنەرەى بکەین”.

دەشڵێت: رێکارە کارگێڕى و یاساییەکانى بڕیوە و چاوەڕێ دەکەین لەگەڵ کابینەى نوێ، یەکێک لەو شوێنانە ئەگەرى زۆرە لە هەولێر بەردى بناغەى دابنرێت، دواتر لە شوێنەکانى دەستى پێبکرێت.

ئەو دەڵێت: لەپاڵ ئەوەش لە عەنکاوە دەست بەجێبەجێکردنى کراوە نزیکەى 1000 یەکەى نیشتەجێبوونە بۆ خەڵکى هەژارى و کرێنشینى کریستیانى ناوچەکە جێبەجێ دەکرێت.

ئەم یەکانە بۆ تەواو ناکرێن؟

بەپێى بەدواداچوونەکانى 964، یەکەکانى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە کە ژمارەیان 9 هەزار یەکەیە، زۆربەیان ساڵانێکە بەرێژەى 100% بیناکانیان تەواو بوون، تەنانەت لە سیتەک و زڕگوێز و ئیدارەى راپەڕین یەکەکان ئەوەندە لەمێژە تەواو بوون، رەنگە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە بێت، بەبێ ئەوەى دابەشکرابن.

بە وتەى بەرهەم قەرەداغى، سەرەڕاى ئەوەى دوو جار فۆڕم بۆ ئەو 9 هەزار یەکەیە پڕکراوەتەوە، بەڵام بەبیانوى ئەوەى خزمەتگوزارییەکانى تەواو نەبوون و پارەى پێویست نییە بۆ ئەوە، دابەشنەکراون.

وەک ئاشکراشى دەکات، 119 هەزار و 919 کەس فۆڕمیان بۆ 20 هەزار یەکەکەى دەستەى وەبەرهێنان پڕکردووەتەوە، کە فۆڕمەکە دیجیتاڵى بووە و بەشێکى زۆرى کرێنشینان بەهۆى نەبوونى ئامێرى زیرەک نەیانتوانیوە پڕى بکەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا فۆڕمەکانیان پڕکراوەتەوە.

ئەو پێى وایە، حکومەت تەنیا قسەیەکى فڕێداوە و مەبەستى نییە یەکەکان بخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە، چونکە نە زەوییەکى باشى دیارى کردووە نە توانیویەتى لێکتێگەیشتن لەگەڵ وەبەرهێنەران دروستبکات بۆ ئەوەى دەست بە دروستکردنیان بکات.

پڕۆژەکانى نیشتەجێبوون نەیانتوانى کێشەى کرێنشینى چارەسەر بکەن

وەک ئەوەى سەرۆکى کۆمەڵەى کرێنشینان باسى دەکات، 200 هەزار کرێنشین لە هەرێم هەن، بەڵام بەپێى بەدواداچوونەکانیان 463 هەزار یەکەى نیشتەجێبوون و خانوو لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان چۆڵ و بەتاڵن کە زیاترە لە دوو بەرامبەرى کۆى کرێنشینان، بەڵام لەبەر ئەوەى حکومەت هیچ بەرنامەیەکى نییە، نەتوانراوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.

پێشى وایە، دروستکردنى ئەو هەموو یەکەى نیشتەجێبوونانە، نەک نەیانتوانیوە کێشەى کرێنشینى چارەسەر بکەن، بەڵکو خەڵکیشیان کردووە بە کرێنشینى یەکەکاکانى خۆیان و ئەوانەشى لەو یەکانە سودمەندن تەنیا خەڵکى عەرەب و خواپێدا و و ئەوانەن کە لەدەرەوە دەژین و لێرە یەکەیان کڕیوە.

جێبەجێکردنی 20 هەزار یەکەکەی کرێنشینان راناوەستێت

جێبەجێکردنی 20 هەزار یەکەکەی کرێنشینان راناوەستێت

رەوشی کرێنشینان لە هەرێم خراپە و ژمارەیان روو لە هەڵکش...

رەوشی کرێنشینان لە هەرێم خراپە و ژمارەیان روو لە هەڵکشانە