دیمەنی پارکی هەواری شار بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە تۆمارکراوە _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
"پارکەکان بۆ خوێندکاران بێ بەرامبەرە"
شارەوانی سلێمانی: بردنە ژوورەوەی کورسی و بە کرێدانی لەناو پارکی هەواری شار قەدەغەیە
+964
شانیا بێستوون – سلێمانی
سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی خوێندکاران ئاگاداردەکاتەوە، ئاهەنگی دەرچوون لە نێو پارکەکان بێبەرامبەرە و کورسی بردنە نێو پارکەکە و بەکرێدانی قەدەغەیە.
لە دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەک لە سۆشیاڵ میدیا، تێیدا رێگری لە بردنی کورسی دەکرێت بۆ نێو پارکی هەواری شار، کە بە پارە دەرێتە دەرچووانی زانکۆ و کەسووکاریان، هەر زوو سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی لە رێگەی راگەیەندراوێک هاتە دەنگ.
لە راگەیەندراوەکەی شارەوانیدا هاتووە، بردنەژوورەوەی کورسی و بەکرێدانی بە پارە بە دەرچووانی زانکۆ، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، ئەو کارە بەبێ ئاگاداری سەرۆکی شارەوانی و پارکەکە کراوە، هەر زوو بەدواداچوون بۆ کیشەکە کراوە و رێکاری یاسایی جدی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.
شارەوانی سلێمانی باسی لەوەشکرد، دەرگای پارکەکان بەبێ بەرامبەر بە رووی دەرچووانی زانکۆ و کەسووکاریاندا کراوەیە، داوا دەکات ژینگەی پارکەکان بپارێزن.