گۆڕانکاری لە دەنگدانی گشتی و تایبەت کراوە

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان رێکاری نوێی تۆمارکردنی بایۆمەتری بۆ ساڵی 2026 راگەیاند

964+

فەرهاد حەسەن

ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆمەڵێک ڕێکار وڕێنمایی نوێی سەبارەت بە پڕۆسەی تۆمارکردنی بایۆمەتریی دەنگدەران بۆ ساڵی 2026 بڵاوکردەوە، کە تێیدا وردەکاریی تۆمارکردنی نەوە نوێیەکان و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە دەنگدانی گشتی و تایبەت خراونەتەڕوو.

بەپێی راگەیەندراوێک، لەبارەی تۆمارکردنی دەنگدەرانی نوێ، کۆمسیۆن ئاماژەی بەوە کردووە کە پڕۆسەکە هەموو ئەو دەنگدەرانە دەگرێتەوە کە تاوەکو ساڵی 2008 لەدایکبوون. هەروەها ئەو دەنگدەرانەشی کە لە دەرەوەی پارێزگاکانی خۆیان نیشتەجێن، دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن، ئەمە جگە لەو کەسانەی کە پێشتر ناوی خۆیان تۆمار نەکردووە یان بۆ یەکەمجارە ناویان تۆمار دەکرێت.

سەبارەت بە راستکردنەوەی زانیارییەکان و سڕینەوەی ناوی مردووانیش، رێگە دەدرێت بە چاککردن و راستکردنەوەی ناوی دەنگدەران (ناوی سیانی و ناوی دایک و بەرواری لەدایکبوون) لەسەر بنەمای بڕیاری دادگا، هەروەها بۆ خاوێنکردنەوەی لیستی دەنگدەران، ناوی ئەو کەسانەی کۆچی دواییان کردووە لە لیستەکە دەسڕێتەوە، بە مەرجێک بەڵگەنامەی فەرمیی مردن پێشکەش بکرێت.

کۆمیسیۆن گۆڕانکاریشی لە دەنگدانی گشتی و تایبەت کردووە، تایبەت بە هێزە ئەمنییەکان و کارمەندانی سەربازی، کە کارمەندانی سەربازی دەتوانن دۆخی دەنگدانیان لە “گشتی”یەوە بگۆڕن بۆ “تایبەت” بە مەرجێک ژمارەی ئامارییان هەبێت.

ئەو سەربازانەشی کە خانەنشین بوون یاخود لە خزمەت دابڕاون، دەتوانن دۆخی خۆیان لە”تایبەت”ەوە بگۆڕن بۆ “گشتی” بە پێشکەشکردنی ناسنامەی خانەنشینی یان فەرمانی کارگێڕی.

سەبارەت بە گواستنەوەی شوێنی دەنگدانیش، کۆمسیۆن جەختی کردووەتەوە کە لەم قۆناغەی تۆمارکردنی بایۆمەتریدا، گۆڕینی شوێن لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە یاخود لە ناوخۆی پارێزگادا ئەنجام نادرێت، ئەم پڕۆسەیە تەنیا لە قۆناغی “نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران” کە پێش هەڵبژاردن دەستپێدەکات، بەردەست دەبێت.

داواشی لە هاوڵاتییان کردووە، لە کاتی سەردانیکردنیان بۆ بنکەکانی تۆمارکردن، ئەم بەڵگەنامانە لەگەڵ خۆیان ببەن:

– کارتی نیشتمانی (یان ڕەگەزنامە و پێناس)

– کارتی زانیاری.

– فۆرمی خۆراک.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردن: 46 كاندید بەهۆی نەبوونی مەرج دورخرا...

کۆمسیۆنی هەڵبژاردن: 46 كاندید بەهۆی نەبوونی مەرج دورخرانەوە