"یەک بست بێنە پێشەوە تەقەتان لێدەکەین"
قالیباف: تواناى سەربازى ئەمریکا و ئیسرائیل زۆر لە ئێران زیاترە
964+
وریا فەتاح
لە چەند کاتژمێرى رابردوودا، زۆر شت روویاندا و زۆر وتراوە، بەڵام هیچیان هێندەى قسەکانى قالیباف گەرموگوڕ نەبوون، لە ناوخۆى هەرێمیش مەترسى رووخانى بەنداوێک هەیە. بۆ عێراقیش دیاریکردنى کاندیدى سەرۆک وەزیران، ئەگەرى بەهێز ئەوەیە بکەوێتە سبەى.
تەنیا لێرەوە هەموو شتێک بزانە، کورت و پوخت گرنگترین رووداوەکان لە 964 بخوێنەرەوە:
📌جارێکی دیکە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران بۆ کاتێکی نادیار دواخرا، سەرچاوەیەکى ئاگاداریش بە 964ـی راگەیاند، ئەگەر هەیە کۆبوونەوەکە بکەوێتە رۆژی دووشەممەی داهاتوو.
📌بەهۆى جەنگەوە هەموو هەڵبژاردنەکانى ئێران دواخران و تا جەنگ تەواو نەبێت، هەڵبژاردن لەو وڵاتە ئەنجام نادرێت.
📌قالیباف: لە کاتی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد، بە وەفدی ئەمریکیم وت: “ئەگەر کەشتیی مینڕێژکەری ئێوە تەنیا یەک بست بێتە پێشەوە، بێگومان تەقەی لێدەکەین”
📌 قالیباف: ئیسرائیل خاوەنی هێزێکی گەورەیە، ئێمە لە رووی سەربازییەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەهێزتر نین، روونە کە تواناکان و ئەزموونی ئەوان لە هی ئێمە زیاترە.
📌وۆڵ ستریت جورناڵ لە زاری بەرپرسانی کۆشکی سپی: ئەگەری هەیە لە رۆژانی داهاتوودا گۆڕانکاری ئەرێنی لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران رووبدات.
📌دەستەی پەخشی ئیسرائیلی: ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەگەری توندبوونەوەی دووبارەی شەڕ لەگەڵ ئێران.
📌رۆژنامەی “مەعاریف” لە زاری بەرپرسێکی سەربازی ئیسرائیل: ئەو گورزەی ئاراستەی ئێرانی دەکەین لە ئەگەری هەرەسهێنانی ئاگربەست، زۆر بەئازار دەبێت.
📌ترەمپ: ئیسرائیل بە سەختی شەڕ دەکات و دەزانێت چۆن سەردەکەوێت.
📌ترەمپ: ئیسرائیل سەلماندی کە هاوپەیمانێکی مەزنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.
📌نەتانیاهۆ: بەردەوام دەبین لە ئۆپەراسیۆنەکانمان لە ناوچە ئەمنییەکەی لوبنان.
📌سوپای ئیسرائیل کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی 9ی دیکەی لە شەڕەکانی باشووری لوبنان راگەیاند.
📌سوپاى پاسدارانی ئێران لە پارێزگای مازەندەرانی باکووری ئەو وڵاتە، دەستگیرکردنی 69 کەسی بە تۆمەتی کارکردن بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی دەرەوە و پلانی تێکدەرانە راگەیاند.