هەشت غازفرۆش سزادران چونکە بە گران داویانە بە خەڵک
964+
عەمار عەزیز
بەهۆی سەرپێچیکردن لە رێنماییەکانی حکومەت، چاودێری بازرگانی لە قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک، هەشت بریکاری گواستنەوەی غازی ماڵانی بە بڕێک پارە سزادا.
عیسمەت مەحمود، بەرپرسی چاودێری بازرگانی لە قەزای شێخان بە تۆڕی 964ی وت، دابەشکردنی غازی حکومی لە سنووری قەزای شێخان لە رێگای بریکارەکان دابەشدەکرێت، ئەوان نزیکەی 40 بریکاریان هەیە، بۆ هەر بۆتڵێکی غاز حەوت هەزار و 500 دیناریان لێوەردەگرن بەو مەرجەی بە نۆ هەزار دینار بە هاوڵاتیانی بفرۆشن.
باسی لەوەشکرد “بەداخەوە هەشت بریکار سەرپێچیانکردووە و بە گرانتر لەو نرخە فرۆشتوویانە کە ئێمە بۆمان دیاریکردوون، هەر بۆیە بە بڕێک پارە سزامان داون، بەڵام ناڵێین بڕەکە چەندە”.
تۆڕی 964 دەزانێت، لە سنووری قەزای شێخان پێنج کارگەی پڕکردنەوەی غازی حکومی هەن، بکە ریکارەکان لەوێوە غاز بۆ گەڕەکەکان دەگوێزنەوە.
پێداچوونەوە: هێمن بەکر