“دانانی سیستمی غاز بەبێ پشکنین قەدەغەیە”

+964

دیلان محەممەد – سلێمانی

ڤیدیۆ

قایمقامیەتی سلێمانی لە دوای رووداوەکەی گەڕەکی کازیوە، لیژنەیەکی تایبەتی پێکهێناوە کە بەدواداچوون دەکات بۆ شێوازی دانانی سیستمی غاز لە شوێنە گشتی و تایبەتەکان، ئەگەر دەرکەوت کێشەیان هەیە ئەوە کۆمپانیای جێبەجێکار روبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی بە 964+ی راگەیاند، لیژنەیەکی تایبەتیان پێکهێناوە تایبەت بە غازی ​ شلی ماڵان، کە بەدواداچوون دەکات بۆ سەرجەم ئەو جێگایانەی لەو بوارەدا کاردەکەن و سەرجەم سیتیەکانیش دەپشکنن.

پێکهاتەی LPG (غازی شل) لە كۆمەڵێك غازی هایدرۆكاربۆنی سوتێنەر پێكهاتووە، لە رێگەی فشاركردنەوە شل دەبن و وەک غاز بەشێوەیەكی باو بۆ گەرمکەرەوەی شۆڤاژ و سوتەمەنی بەكاردەهێنرێت.

ئاوات محەممەد دەڵێت، کەموکورتی زۆر ھەیە لە شێوازی دانانی سیستمی غاز و دروستکردنی باڵەخانە لە هەرێمی کوردستان، داواش دەکات رێکارەکان گۆڕانکاری بەسەردابێت.

لە ماوەی یەك هەفتەدا لە هەرێمی كوردستان، بەهۆی تەقینی غاز ٢٠ كەس گیانیان لەدەستداوە و ٤٣ كەسی دیکەش بریندار بوون.

قایمقامی سلێمانی دەڵێت، ئەو سیستمە نوێیە خواستێکی زۆری لەسەرە و پێویستە رێکبخرێتەوە و بکرێتە بەشێک لە پێدانی مۆڵەتی باڵەخانە و لە رێگەی کۆمپانیای مۆڵەت پێدراوەوە سیستەمەکە دابنرێت.

لە شاری سلێمانی ٣٣ کۆمپانیای دانانی سیستمی غاز ھەیە کە مۆڵەتیان ھەیە.

“پێویستە لە دەروازە سنوریەکانەوە رێکاری توند بگیرێتەبەر بۆ نەھاتنە ناوەوەی کەل و پەلی خراپ کە بۆ سیستەمەکە بەکاردێت،” ئاوات محەممەد وای وت.

بەپێی ئاماری قایمقامییەتی سلێمانی، تا ئێستا نزیکەی ١٢ شوێن کە سیستمی بەنزینی ئۆتۆمبێلیان گۆڕیوە بۆ غاز داخراون، لە ئێستادا تەنھا یەک کۆمپانیا ھەیە بە فەرمی ئەو کارە دەکات.