سێ ماتۆڕسوار لە هەڵەبجە
ڤیدیۆی سەركێشییەكانیان بڵاوكردەوە و دەستگیر كران
964+
شۆڕش قادری
لە هەڵەبجە سێ ماتۆڕسوار دەستگیر کران، کە بە ماتۆڕەکانیان ئەتواری خراپیان نواندووە، سەرکێشیان کردووە و هاوڵاتیانیان بێزار کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڤيدیۆی سەرکێشی لێخورينی ماتۆڕسکيل لە تۆڕە کۆمەڵايەتيیەکان و کاريگەری خراپ لەسەر گەنجان، سێ تۆمەتباریان بەناوەکانی (ر،ش،ع) لەدایکبووی ساڵی 2007 و (ک،ف،م) لەدایکبووی 2008 و (م،ع،ع) لەدایکبووی 2005 دەستگیر کردووە.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو سێ تۆمەتبارە بە شێوەیەکی نەشیاو ماتۆڕیان لێخۆڕیوە و هاوڵاتیانیان بێزارکردووە، بۆیە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی مادەی 21 لە یاسای هاتوچۆ لەلایەن بەشی پۆلیسی ناوشار، بنکەی پۆلیسی فریاکەوتن دەستگیر کراون و دەستیش بەسەر ماتۆڕسکیلەکانیاندا گیراوە.
بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجەی داوا لە هاوڵاتیان و سەرجەم هێزە ئەمنییەکان دەکات، هاوکاربن بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە و داوایش لە سەرجەم شۆفێرانی ماتۆڕسکیل دەکات، پابەندی رێنماییەکانی پۆلیسی هاتوچۆ بن.