پارێزگارى کەربەلا بۆ هەڵەبجەییەکان:
دێمە هەڵەبجە تا لە نزیکەوە سوپاستان بکەم
وریا فەتاح
لەسەر ئەو هەڵوێستە مرۆڤدۆستانەیەى لە ماوەى 10 رۆژى رابردوودا نواندیان بۆ گەڕان و دۆزینەوەى تەرمى گەشتیارەکەى کەربەلا، پارێزگارى کەربەلا لە بەیاننامەیەکدا کە بە زمانى کوردى و عەرەبى بڵاویکردەوە، دەڵێت، “دێمە هەڵەبجە تا لە نزیکەوە سوپاستان بکەم”.
رۆژى 9.6.2026، کچە گەشتیارێکى تەمەن 11 ساڵ کە دانیشتووى کەربەلان، لە ئاوى زەڵمدا خنکا، بە درێژایى نۆ رۆژ، تیمەکان و خەڵکى خۆبەخشى هەڵەبجە و هەورامان چاویان لەسەر رووبارەکە لانەبرد تا دۆزیانەوە و دواتریش لە مەراسیمێکى شکۆداردا ماڵئاواییان لە تەرمەکە کرد.
ئەو هەڵوێستە، سەرنجى نەسیف جاسم پارێزگارى کەربەلاى راکێشاو پارێزگاى کەربەلا بەیاننامەیەکى بڵاوکردەوە کە تێێدا هاتووە،”پارێزگار سپاس و پێزانینی بەرزی خۆی ئاراستەی پارێزگاری هەڵەبجە، خاتوو نوخشە ناسیح، و خەڵکی بەڕێزی پارێزگاکە دەکات بۆ هەڵوێستی مرۆڤانە و هەستە راستەقینەکانیان کە باشترین ماناکانی برایەتی و یەکێتی نیشتمانیان نیشاندا”.
” ئەو هاوخەمی و پشتیوانییەی بۆ خێزانی کەربەلاییەکە دەریانبڕی، بەڵگەی رەسەنایەتی گەلی عێراق و بەها مرۆڤایەتییە جێگیرەکانییەتی”، لە بەیاننامەکەدا وا هاتووە.
بەپێى راگەیەندراوەکە، لە رۆژانى داهاتوودا پارێزگارى کەربەلا، سەردانێکى فەرمى بۆ پارێزگاى هەڵەبجە ئەنجاک دەدات بۆ ئەوەى لە نزیکەوە سوپاس و پێزانین بۆ پارێزگار و خەڵکى هەڵەبجە دەرببڕێت، لەپاى ئەو هەڵوێستە گەورەیەى لە دۆزینەوەى تەرمى روقیە و بەڕێکردنەوەى تەرمەکەى، ئەنجامیاندا.