لە زاخۆ

تەرمی گەنجێک لەناو رووباری خابور دۆزرایەوە

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

تەرمی گەنجێک لەناو رووباری خابور لە زاخۆ دۆزرایەوە و بۆ توێکاری رەوانەی پزیشکی دادی کرا.

نزیک کاتژمێر 12:00ـی نیوەرۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 18.6.2026 تیمەکانی بەرگری شارستانی زاخۆ ئاگادار کرانەوە لەهەبوونی تەرمێک لەناو ئاوی رووباری خابور، دوای هەوڵ و ماندووبوونی تیمەکان تەرمەکە لە ئاو دەرهێنرایەوە.

ئەڤیندار عیزەت، وتەبێژی بەرگری شارستانی زاخۆ بە 964ـی وت، “تیمەکانمان تەرمی گەنجەکەیان رەوانەی پزیشکی دادی زاخۆ کردووە، هەرچەندە زانیاری فەرمی لەسەر ناسنامەی ئەو گەنجە نییە بەڵام گومان دەکەین شوانی مەڕوماڵات بێت”.

هەر لەوبارەیەوە رائید عەبدولڕەحمان عەدنان، لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ بە 964ـی وت، “بەپێ زانیارییە سەرەتاییەکان ماوەیەکی زۆر بەسەر مانەوەی تەرمەکە لەناو ئاودا تێپەڕیوە، هێشتا زانیاری ورد لەسەر ئەو رووداوە لەبەردەستدا نییە و لێکۆڵینەوەکان لەوبارەیەوە دەستی پێکردووە”.

ئەم رووداوە دەبێتە نۆیەم حاڵەتی دەرهێنانی تەرم لەناو رووباری خابور لە سەرەتای ئەمساڵەوە کە هەشتیان خنکابوون و ئەمەشیان هێشتا ئێستا دیارنییە کە ئاخۆ خنکاوە یان بە شێوازێکی تر گیانی لەدەستداوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری