لە رێگەی ئەپی (سولی پاس)ەوە

گەنجێکی سلێمانی کارئاسانی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان بە پاسەکان دەکات

دیلان محەمەد – سلێمانی

لە سلێمانی، گەنجێک کە خوێندکاری زانکۆیە لە رێگەی دروستکردنی ئەپێکەوە بەناوی (سولی پاس) کارئاسانی بۆ هاوڵاتییان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی هاتوچۆ بە پاسەکانی ناو شار بکەن و “ئەپەکە ورد و درشتی رێگاکانی هاتوچۆی ناو سلێمانی تێدایە”.

شکۆ سەڵاح، گەنجەکەیە دەڵێت، ماوەی نۆ مانگە خەریکی دروستکردنی ئەو ئەپە بووە و لە هەفتەی یەکەمی بڵاوکردنەوەشی پێنج هەزار هاوڵاتی لە ئەندرۆید داونڵۆدیان کردووە و لە داهاتووش دەیخە سەر سیستمی IOS.

دەشڵێت “ئەپەکە تەواوی خەتی پاسەکانی ناو سلێمانی و وێستگەکان پیشان دەدات هاوڵاتییان بە ئاسانی دەتوانن بەکاری بهێنن و بزانن چ پاسێک بە چ رێگایەک دەچێتەوە گەڕەکەکانیان”.

ئاماژەی بەوە کردووە تۆمارکردنی ناوی گەڕەکەکان وەکو ئەوە نییە کە شارەوانی دایناوە بەڵکو وەکو ئەو ناوانەیە کە خەڵک دەیزانێت و گەڕەکەکان پێی ناسراون.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن