شارەوانی بەدوایدا دەچێت
زبڵێكی زۆر لە ناوچەی پیشەسازی كەركوك بڵاوبووەتەوە
964+
محەمەد فاتیح
زۆر جار هاوڵاتیانی شاری كەركوك گلەیی و گازندەی ئەوە دەكەن كە شارەكەیان وەك پێویست پاك ناكرێتەوە و ئەمجارەیان زبڵ و خاشاكێكی زۆر ئاشكرا دەكرێت كە لە ناوچەی پیشەسازی شاری كەركوك كۆبووەتەوە و شارەوانیش روونكردنەوە دەدات.
ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق دوای ئەوەی سەردانی ناوچەی پیشەسازی شاری كەركوكی كرد، لە نزیك تەپۆلکەیەک زبڵ و خاشاكەوە لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا وتی، “شارەوانی بەرپرسیارییەتیەكی ئەخلاقی گەورەی لەسەرشانە بۆ ئەم زبڵ و خاشاکەی لێرە کۆبووەتەوە و داوای لێدەكەم هەڵمەتێكی پاكردنەوە بۆ ناوچەی پیشەسازی شاری كەركوك دەستپێبكات، دووپاتیشی دەكەمەوە كە پیسی و پۆخڵی، ئەم ناوەی تەنیوە و رێگا و بانەكانیش وێرانن”.
“ئەمەی لێرە روودەدات هیچ راست نییە و داوا لە شارەوانی كەركوك دەكەم كە ئەم شوێنە نۆژەن بكاتەوە، چونکە جادەكانی وەك پێویست نین و بەرگەی بارهەڵگرەکان ناگرن، جگە لەوەش خزمەتگوزارییەكان وەک پێویست نین”، ئەرشەد ساڵحی واى وت.
لەلایەن خۆیەوە شارەوانی كەركوك تایبەت بە 964ـی وت، دوێنێ بە بۆنەی رۆژی جیهانیی كرێكارانەوە بە بڕیاری پارێزگاری كەركوك وەك رێزێك بۆ كرێكاران، لەسەرجەم پارێزگاكه كاری پاكردنەوە و لابردنی زبڵ و خاشاك ئەنجام نەدراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی زانیاری تەواویان لەسەر ناوچەی پێشەسازی كەركوك دەستكەوت لە رێگەی 964وە روونكردنەوە دەدەن.
پێش چەند مانگێك رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک دەستپێکردنی هەڵمەتێکی گەورەی پاککردنەوە و لابردنی پاشماوەی راگەیاند، بەپێی گرێبەستێکی سێ ساڵە و بەبڕی 60 ملیار دینار، هاوکات شارەوانی پارێزگاکە دووپاتی کردەوە کە قەبارەی پاشماوەی رۆژانە 1200 تۆنە.