لە هەولێرەوە تا زاخۆ بێ ترافیک لایت لێخوڕە 

ترافیکەکان نامێنن.. 

 میدیازان – عەمار عەزیز – دهۆک 

 هەردوو ترافیکی بناڤێ و شێخان هەڵدەگیرێن و لەمەولا رێبواران و گەشتیاران لە هەولێرەوە تا دەگەنە زاخۆ، ترافیک لایت رایان ناگرێت.

 عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند کە ترافیک لایتەکانی رێگای هەولێر تا دهۆک، هەڵدەگیردرێت، ئەمەش وەک کار ئاسانییەک بۆ گەشتیارو رێبواران.

لە هەولێرەوە تا دەگەیتە زاخۆ ،کە رێگاکەی ٢٠٩ کیلۆمەترەو کراوە بە دووساید، چەندان قەزاو ناحیەت دێتەڕێ، تەنیا سێ ترافیک لایت دێتە رێیانەوە، ئەوانیش ترافیکی شێخان لە مەفرەقی شێخان، ترافیکی ئێتیت لە دهۆک و ترافیکی بناڤی لە زاخۆ.

ئیسماعیل مستەفا، بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندنی شارەوانی دهۆک بە میدیازانی راگەیاند، هەردوو ترافیکی ئێتیت و بناڤی دەکرێنە ئۆڤەرپاس.

“لە سێ ترافیک لایت دووانیان لادەدرێت”

 میدیازان زانیویەتی، دیزاینی ئۆڤەرپاسی ترافیک لایتی بناڤی و شێخان کارەکانیان تەواو بووەو رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانیش کراوە بۆ وەرگرتنی رەزامەندی تاوەکو بدرێتە تەندەرین.

  رێگای چەمەکە لەسەر زێی گەورە تا ناحیەی رۆڤیا، کە بەرێگای گۆپاڵیش ناسراوە، درێژییەکەی ٢٢ کێلۆمەترەو ساڵی ٢٠٢٠ تەواو بووە، هاوکات رێگای نێوان سێمێل بۆ بەردەم نەفەقی زاخۆ کە نزیکەی ٣٠ کیلۆمەترەو ساڵی ٢٠٢١ تەواو بوو، بەمەش لە هەولیرەوە تا زاخۆ، رێگایەکە بووە دووساید کە ٢٠٩ کیلۆمەترە.

خەدیجە محەمەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبانی دهۆک بە میدیازانی وت، تەنیا ترافیکی شێخان لە سنووری ئێمەیەو دیزاینەکەی تەواو بووەو چاوەڕوانین ئەنجومەنی وەزیران رازەمەندی لەسەر بدات.