سێ کەسی دیکەش بریندارن
ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و دوو کەس گیانیان لەدەستدا
964+
سیروان خورشید – خورماتوو
رووداوێکی سەختی هاتوچۆ لەسەر رێگای کەرکوک – بەغدا گیانلەدەستدانی دوو کەسی لێکەوتەوە و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
درەنگانی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 11.4.2025، لەسەر رێگای کەرکوک – بەغدا و بەدیاریکراوی لە سنووری نێوان خورماتوو – داقوق، ئۆتۆمبێلێک لەجۆری فۆرد، کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و وەرگەڕا، بەهۆیەوە دەستبەجێ دوو سەرنشین گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بەسەختی برینداربوون.
فەرمان نەشئەت، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی داقوق بە 964ـی وت، “لە رووداوەکەدا دەستبەجێ دوو کەس هەر لەوێ گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش برینداربوون، دوای چارەسەری سەرەتایی بۆ بریندارەکان، بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک کران”.
وتیشی، ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە، دانیشتووی هەفتەغارن، ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ سێ کەسی دیکە لەشاری کەرکوکەوە بەڕێکەوتوون بۆ ماڵەوە و لە رێگا ئۆتۆمبێلەکەیان بەهۆی تیژڕەویی وەرگەڕاوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری