هەر دەزگایەکى راگەیاندن رووماڵى کوشتن بکات رێکارى یاسایى بەرامبەر دەگرنەبەر

دواى دەستپێشخەرییەکەى 964 داواکارى گشتیى سلێمانى هاتەسەرخەت

964+

وریا فەتاح

دواى دەستپێشخەرییەکەى 964، داواکارى گشتى سلێمانى هاتەسەرخەت و دەڵێت، هەر دەزگایەکى راگەیاندن رووماڵى کوشتن بکات رێکارى یاسایى بەرامبەر دەگرنەبەر.

فەرمانگەى داواکارى گشتى سلێمانى لە نوسراوێکدا کە ئاراستەى بەڕێوەبەرایەتى راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەى سلێمانى کردووە، لەبارەى رووماڵکردنى هەواڵى کوشتن، هۆشدارى دەدات و دەڵێت، زۆرێک لە کەناڵەکان لە کاتى رووماڵى تاوانى کوشتن، زانیارى و هەواڵى نادروست بڵاودەکەنەوە و پابەندى کارى ئیتیکى نابن.

دەشڵێت: لەکاتى روداوێکى تاوان و کوشتن، لە کاتێکدا دادگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵى کۆکردنەوەى زانیارى و لێکۆڵینەوەن، کەچى بەبێ رەچاوکردنى، ئیتیکى کارى رۆژنامەگەر و میدیایى و پێچەوانەى یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکانى هەرێمى کوردستان، میدیاکان هەواڵى ناڕاست و بێبەنەما بڵاودەکەنەوە و لێکدانەوەى نایاسایى و نادروست بۆ رووداوەکە دەکەن و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسکوکارى کوژراو دەکەن.

“ئەمە جگە لەوەى بەتاوان هەژمار دەکرێت، لەهەمان کاتدا کاریگەرى راستەوخۆ دەبێت لەسەر دەروونى تاکەکانى کۆمەڵگا و بەلاڕێدابردنى رەوتى لێکۆڵینەوە و کاریگەرى نەرێنى دەکاتەسەر رایگشتى و متمانەى خەڵک”، داواکارى گشتى سلێمانى وا دەڵێت.

لە نوسراوەکەدا، داواکارى گشتى سلێمانى داواى کردووە کە کەناڵەکانى راگەیاندن پابەند بکرێن کە خۆیا بەدوور بگرن لەو جۆرە رۆوماڵانە، بەپیچەوانەوە رێکارى یاسایى دژ بە هەر کەناڵ و میدیایەک دەگرێتەبەر.

دواى ئەوەى لە ماوەى رۆژانى رابردوو، رووداوەکانى کوشتن زۆربوون و لە هەولێر و سلێمانى و کەرکوک و چەمچەماڵ، چەند رووداوێکى کوشتن روویدا، چەند خێزانێک لەلایەن کەسەکانى خۆیانەوە قەتڵوعام کران، 964 بڕیاریدا بۆ هێوربوونەوەى دۆخەکە و یارمەتیدانى دڵ و دەرونى خەڵک، بۆ ماوەیەک رووماڵى رووداوەکانى کوشتن رابگرێت.

رووماڵی هەواڵەکانی کوشتن رادەگرین

رووماڵی هەواڵەکانی کوشتن رادەگرین