"لەرابرو بونەتە هۆی پیسبونی ژینگە"

هەڵمەتێک بۆ سەر تایەفرۆشانی خورماتوو دەستیپێکرد و ژمارەیەکیان سزای مادی دران

+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو

هەڵمەتێک بۆ سەر دوکانی تایەفرۆشانی خورماتوو دەستیپێکرد و هەر ئەمڕۆ ژمارەیەک دوکان سزای مادی دران، چونکە لە رابردودا تایە و پاشماوەی دوکانەکانیان سووتاندووە و بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوەی دوکەڵ و پیسبونی ژینگەی قەزاکە.

محەمەد ئەکبەر، بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستی خورماتوو بە964ـی وت،”هەڵمەتەکەیان دوای ئەوە دێت، کە ماوەیەکی زۆرە تایەفرۆشانی سەر رێگای گشتی قەزاکە، هەفتانە چەند جارێک بەسوتاندنی تایەی بەکارهاتوی ئۆتۆمبێل دەبنە هۆی پیسبونی ژینگەی شارەکە”.

جەختیش دەکاتەوە، چیتر رێگەیان پێ نادرێت ئەو کارە دوبارە بکەنەوە، ئەمڕۆش جگە لەهۆشداریدان پێیان، لەلائەگەری دوبارەبوونەوەی ئەو دیاردەیە سزای مادی دەدرێن و دوکانەکانیشیان پێ دادەخرێت.

“هێزەئەمنییەکان بەهاوکاری تەندروستی و شارەوانی قەزاکە، هەڵمەتەکەیان دەستپێکردووەو ئەمڕۆش زیاتر لە 10 دوکانیان بەبڕی جیاواز سزا دراون، چونکە ئەمانە لەڕابردوو چەندین جار پاشماوەکانیان لەناو سەنتەری قەزاکە سوتاندوەو بونەتە هۆی بڵاوبونەوەی دوکەڵێکی زۆر بەسەر دانشتوانەکەی دا، ئەمەش بوەتە هۆی زیانی تەندروستی، بەو پێیەی دوکەڵی تایە دەبێتە هۆی نەخۆشی درێژخایەن و مادەی ژەهراوی و مەترسیدار و شێرپەنجەی تێدایە، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر سیستەمی بەرگری و هەناسەدان دەبێت، محەمەد ئەکبەر واى وت.

دەشڵێت: بەو پێیەی خورماتوو کەوتوەتە ناوچەیەکی ستراتیژی نێوان شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەمەش دوکانێکی زۆری تایەفرۆش لەناو سەنتەر و دەرەوەی قەزاکە هەیەو هەڵمەتەکە سەرجەمیان دەگرێتەوەو سنووریان بۆ دادەنرێت و پاشان شوێنێکی تایبەتیان بۆ دەست نیشان دەکرێت بۆ ئەوەی تایەو پاشماوەکانیان لێ فڕی بدەن یاخود بیسوتێنن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح