قسەی خوێندنی باڵایە
پەیوەندی سۆزداری و پێدانی دیاری لەنێوان مامۆستا و خوێندکار قەدەغەکرا
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوە زانستی هەرێمی کوردستان، چەند بڕیارێکی نوێی بۆ رێکخستنی پەیوەندیی نێوان مامۆستایان و خوێندکاران لە دامەزراوە پەروەردەیی و ئەکادیمییەکاندا دەرکرد
بەپێی بڕیارەکان، چیتر رێگە بە هیچ پەیوەندییەکی سۆزداری یان هاوسەرگیری لە نێوان مامۆستا و خوێندکاردا نادرێت لە سەردەمی پرۆسەی خوێندندا.
هاوکات بڕیارەکە رێگریی بەپەلە دەکات لە وەرگرتنی دیاری و بەرتیل و هەر جۆرە هەراسانکردنێک یان جیاکارییەک لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە و ڕەگەز.
لە بەرامبەردا، مامۆستایان دەبەستێتەوە بە گەرەنتیکردنی دادپەروەری لە پێدانی نمرەدا و دەبێت نهێنیی پرسیاری تاقیکردنەوەکان و زانیارییە کەسییەکانی خوێندکاران بپارێزن.
گرنگترین بڕیارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەمانەن:
هەر جۆرە پەیوەندییەکی سۆزداری و هاوسەرگیری لەنێوان مامۆستا و خوێندکار بە توندی قەدەغەیە، تاوەکو ئەو کاتەی پەیوەندیی مامۆستا و قوتابی لەنێوانیاندا بەردەوامە.
ئەگەر مامۆستا و خوێندکارێک پێشتر هاوسەرگیرییان کردبێت، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی رێکاری پێویست بگیرێتەبەر و هیچ جۆرە وانەیەک لەنێوانیاندا نەمێنێت.
سزای سەرپێچیکاران:
هەر مامۆستایەک ئەو بڕیارە پێشێل بکات و بچێتە نێو پەیوەندیی هاوسەرگیرییەوە لەگەڵ قوتابییەکیدا، سزاکەی بریتی دەبێت لە “دەرکردنی یەکجاری” لە کارەکەی.
ئەو خوێندکارەی هەمان سەرپێچی ئەنجام بدات، سزاکەی بریتی دەبێت لە “دەرکردن بۆ ماوەی یەک ساڵی خوێندن”.
رێکارەکانی دیکە بۆ رێکخستنی پەیوەندییەکان:
قوتابیان و خوێندکاران نابێت مامۆستاکانیان بە ناوی یەکەمی خۆیان بانگ بکەن.
پێویستە نازناوی ئەکادیمی و پیشەیی بەکاربهێنرێت، وەک “مامۆستا” یان “پڕۆفیسۆر”.
هیچ جۆرە پەیوەندییەکی تایبەت، کۆبوونەوەی نهێنی، یان پەیوەندییەک لە دەرەوەی چوارچێوەی خوێندن و ئەرکی فەرمی لەنێوان مامۆستا و قوتابیدا رێگەپێدراو نییە.
وەرگرتن و پێشکەشکردنی هەر جۆرە دیارییەک کە ببێتە هۆی دروستکردنی بەرژەوەندیی تایبەت یان گومان، قەدەغەیە.
مامۆستایان و قوتابییان نابێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا داوای هاوڕێیەتی لە یەکتر بکەن یان بچنە نێو پەیوەندیی تایبەتەوە، مەگەر بۆ مەبەستی خوێندن و لەنێو گرووپی فەرمیدا بێت.
لەم لینکەوە زیاترى لەبارەوە بزانە.