دوو تیپی میللی خورماتوو

دوای 30 ساڵ یەکیانگرتەوە و یارییەکی دووگۆڵی دووبارە دەکەنەوە

سیروان خورشید – خورماتوو

دوای تێپەڕبوونی 30 ساڵ بەسەر خولیای یاریگا و لاوێتیدا، دوو تیپی میللی یاری دووگۆڵی قەزای خورماتوو کە لە ساڵی 1996 رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە، هەمان یاریی مێژوویی بە هەمان پێکهاتەی یاریزانان و ناوبژیوان دووبارە ئەنجام دەدەنەوە و یادگارییەکانیان تازە دەکەنەوە.

دوو یانەکە ناویان ئینتسار و یادگارییە، بەهەمان ناو دێنەوە مەیدان، نەوزاد مەحەمەد سەرپەرشتیاری یانەی یادگاری قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “یاریزانەکان هەریەکەو لە شارێک بوون و لەیەک دابڕابووین، بەڵام توانیم هەموویان بە تەلەفۆن و لە گروپێکی سۆشیال میدیا کۆبکەمەوە، بۆ ئەوەی دوای 30 ساڵ هەمان یاریی ساڵی 1996 دووبارە بکەینەوە”.

قەول وایە یارییەکە 30ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت و نەوزاد محەمەد دەڵێت، یاریزانەکان کورد و عەرەب و تورکمانیشیان تێدایە، بەڵام لەماوەی ئەو 30 ساڵەدا چوار کەسیان لە هەردوو تیپەکە کۆچی دواییان کردووە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری