دەستبەسەرداگرتنى پێنج ماسى راوکراو لە سنوورى دەریاچەى دەربەندیخان
تۆڕەکانیان دەستى بەسەرداگیراون
تائێستا هیچ راوچییەکى ماسى دەستگیر نەکراوە
وریا فەتاح
هەرچەندە سێ رۆژە قەدەغەى راوەماسى خراوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەڵام تا ئەمڕۆ لە سنوورى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى هیچ راوچییەک دەستگیر نەکراوە.
پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى بڵاوى کردەوە، مەفرەزەیەکی هاوبەشی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی شارەزوور و بنکەی زەڕایەن دەرچونێکی مەیدانیان لەناو دەریاچەی دەربەندیخان و لە سنووری هەریەک لە گوندەکانی (قەڵبەزە، بیسەڵمێن، توەقووت، پردی کۆن، گوڵان، پیرمەحمود، شەکر تەپە)، ئەنجامدا و توانیان دەستبگرن بەسەر دوو تۆڕی ماسی گرتن دا لەگەڵ پێنج ماسی قەبارە جیاوازدا .
بەپێى ئەو چالاکییانەى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى بڵاوى کردووەتەوە، لەماوەى ئەو سێ رۆژەدا هیچ راوچییەک دەستگیر نەکراوە، بەڵام لە سێ چالاکى جیاوازدا دەستگیراوە بەسەر شەش تۆڕ و 17 ماسى و ماتۆڕسکیلێک.